ژماردنەوەی دەنگەكان لە كەركووك دەستیپێكرد و یەكێتی ناڕازییە
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی: بەڕاشكاوی دەڵێین قبووڵی ناكەین
K24 - كەركووك
ھەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست لە كەركووك دەستیپێكرد و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێت، قبووڵ ناكەن ھەموو دەنگەكانی كەركووك ھەژمار بكرێنەوە.
سۆران كامەران، پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "ئەمڕۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست لە كەركووك دەستپێكرد، رێگەدراوە نوێنەری قەوارە سیاسییەكان بچنە نێو كۆگای ژماردنەوەی دەنگەكان".
لەسەر ئەو پرسە حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ژماردنەوەی دەنگەكانی ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە، لە رووی یاساییەوە ئاساییە، بەڵام ھەژماركردنەوەی دەنگەكان بەشێوەیەكی گشتی كارێكی نادروستە، چونكە ھەڵبژاردن لە ھەموو عێراق بە یەك یاسا ئەنجامدراوە، لە رووی یاسایی و سیاسییەوە یەك پڕۆسەیە. لەبەر ئەوە ناكرێت تەنھا لە شاری كەركووك ژماردنەوە بۆ ھەموو دەنگەكان بكرێتەوە، زۆر بەڕاشكاوی دەڵێین، یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوە قبووڵ ناكات، ئەگەر دەنگەكان ھەژمار دەكرێنەوە با ھی ھەموو عێراق ھەژمار بكرێنەوە، چونكە ھەمووی بە یەك یاسا كراوە".
لە لایەكی دیكە محەمەد جلیل، بەرپرسی هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ کوردستان24، ئاشكرای كرد: "کەمێك پێش ئێستا رێگە دراوە نوێنەری قەوارە سیاسییەکان بچنە نێو هۆڵی جیاکردنەوەی دەنگەکان".
گوتیشی: "ئێستا ئامادەکارییەکان تەواوبوونە و نوێنەرەکان، چوونەتە ژوورەوەو سندووقی یەکەم هەڵبچڕاوە، بە ئامادەبوونی نوێنەری قەوارە سیاسییەکان و دەستەی دادوەران کە سەرپەرشتی کارەکانی کۆمسیۆن دەکەن".
لە کەرکووك 350 سکاڵا تۆمارکراوەو بڕیارە لەکۆی زیاتر له دوو هەزار سندووقی کەرکووك ، دەنگی زیاتر لە 500 سندووق بە دەست بژمێردێنەوە.
عەرەب و تورکمانەکان و شەش لایەنی ناڕازی کوردیش جگە لەیەکێتی لەگەڵ ژماردنەوەی تەواوی دەنگی ناو سندووقەکانن نەك بەشێك لە دەنگەکان، بەڵام بەپێی بڕیارەکەی کۆمسیۆن تەنها ئەو سندووقانە دەنگەکانیان جیادەکرێنەوە بەدەست کە سکاڵایان لەسەرە.
ھ.م