زیانەكانی تەقینەوەی كۆگاكەی تاسڵووجە ئاشكرا دەكرێت

"چوار پێشمەرگە برینداربوون"

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی شەوی رابردوو كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە تاسڵووجەی نزیك سلێمانی تەقییەوە، فەرماندەیی ھێزەكانی 70 پێشمەرگە ئاشكرای دەكات چوار پێشمەرگە لە رووداوەكە برینداربوونە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە. لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەسەر تەقینەوەی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی لە ھەرێمی كوردستان بانگێشتی وەزارەتی پێشمەرگەیان كردووە و لێكۆڵینەوە دەكەن.

لە راگەیەندراوێكدا فەرماندەیی ھێزەكانی 70 پێشمەرگە رایگەیاند: "كاتژمێر 10:20 خولەكی شەوی رابردوو 2/7/2018 ئاگرێك لە كۆگایەكی ھێزەكانی 70 لە نزیك تاسڵووجە كەوتەوە، بۆ ماوەی سێ كاتژمێر تەقینەوە لە كۆگاكەدا بەردەوام بوو، بەو ھۆیەوە زیانی مادی لێكەوتەوە و چوار پێشمەرگەش بە سوكی برینداربوون، كە ئێستا باری تەندروستیان جێگیرە، لێكۆڵینەوە لە ھۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە و دیاریكردنی زیانەكان بەردەوامە. لە دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوە، زانیاری لەسەر ئەو رووداوە بڵاودەكەینەوە".

دەقی راگەیەندراوەكەی فەرماندەیی ھێزەكانی 70  پێشمەرگە
دەقی راگەیەندراوەكەی فەرماندەیی ھێزەكانی 70 پێشمەرگە

لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەسەر تەقینەوەی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی لە ھەرێمی كوردستان بانگێشتی وەزارەتی پێشمەرگەیان كردووە و لە ھۆكاری تەقینەوەكان دەكۆڵنەوە.

 شیلان شێخ جەعفەر، سەرۆكی  لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەھیدان لە پەرلەمان بە كوردستان24 راگەیاند: "داوای روونكردنەوەمان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە و ئەوان لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچوون پێكھێناوە، بەڵام لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستانی تێدا نییە، لە كاتێكدا دەبوو لیژنەكە ھاوبەشی بووایە".

ھ.م