به هۆى تۆپبارانى توركياوه ناوچه‌يه‌كى فراوانى برادۆست سووتا
زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر به خاوه‌ن باخه‌كان كه‌وتووه
K24 – هه‌ولێر:
به هۆى تۆپبارانى توركياوه پووش و پاوان و به‌شێكى زۆرى له‌وه‌ڕگاى ناوچه‌ى برادۆست سووتا.
ئه‌مڕۆ هه‌ينى (6ى ته‌مموز/ يۆليۆى 2018)، تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا ژماره‌يه‌ك ناوچه‌ى سنوورى برادۆستيان تۆپباران كرد.
ته‌يفور محه‌ممه‌د, په‌يامنێرى كوردستان 24 له سنووره‌كه، رايگه‌ياند، ئه‌مڕۆ تۆپخانه‌كانى توركيا ناوچه‌كانى (چياديل، گه‌لى ره‌ش، خواكوڕك، گه‌رووى كه‌وه‌رت، گه‌لى خواكوڕك، شوشنێ)يان له سنوورى برادۆست تۆپباران كرد.
گوتيشى: به‌و هۆيه‌وه ئاگر له ناوچه شاخاوييه‌كان و پاوانه‌كان كه‌وتووه‌ته‌وه و به‌شێكى زۆرى له‌وه‌ڕگا و پوش و پاوانى ناوچه‌كه سووتاوه و زيانێكى زۆرى ژينگه‌يى به‌ر ناوچه‌كه كه‌وتووه.
له مانگى (ئازار/ مارس)ى رابردووه‌وه سوپاى توركيا سنوورى هه‌رێمى كوردستانى به‌زاندووه و به پاساوى كۆتايهێنان به مه‌ترسييه ئه‌منييه‌كانى سه‌ر توركيا ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى دژى چه‌كدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه) ده‌ستپێكردووه.
پێشتر هه‌ريه‌ك له سه‌رۆك كۆمارى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، بن عه‌لى يه‌ڵدرم، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو، هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشكردنه سه‌ر قه‌نديليان كردبوو، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى عێراق ده‌سته‌وه‌ستان بێت له راگرتنى مه‌ترسييه‌كانى په‌كه‌كه بۆ سه‌ر ئاسايشى توركيا.
له (15ى ئاب/ ئۆگستى 1984)ه‌وه شه‌ڕى چه‌كدارى نێوان سوپاى توركيا و چه‌كدارانى په‌كه‌كه ده‌ستيپێكردووه و له سه‌ره‌تاى شه‌ڕه‌وه تا ئێستا زياتر له 30 هه‌زار كه‌س له هه‌ردوولا كوژراوون.
ا. م