سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: هیچ مەترسییەکی ئەمنی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکات. دەشڵێت، "داوامان لە دۆستانمان کردووە، سیستەمی دژە درۆنمان بۆ دابین بکەن". 

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حەوتەمین پێشانگەی تەکنەلۆژیای هایتێکس (HITEX)ـی لە شاری هەولێر کردەوە. لە پەراوێزی پێشانگەکەدا و لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگی سیاسی، ئەمنی و ئابووری و هەڵوێستی حکوومەتی لەسەر رووداوەکان روون کردەوە. 


کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەخنەی توندی لە بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان گرت و گوتی: "من دوێنێش لە ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆی دهۆک داوام کرد کە هەموو پەرلەمانتارەکان بێنەوە بۆ کاراکردنی پەرلەمان، چونکە بەڕاستی ئەمە بەرپرسیارەتییەکی نیشتمانیی ئەو کەسانەیە کە خەڵک دەنگی پێداون. حەقە ئەوانیش هەست بەو بەرپرسیارەتییە بکەن و وەفایان هەبێ بەرامبەر بەو دەنگانەی کە پێیان دراوە.  ئێستا خۆیان دوور خستۆتەوە و نایەن لە پەرلەمان پەرلەمان کارا بکەنەوە، ئەمە بەڕاستی راکردنە لە بەرپرسیارەتی". 

باسی لەوەش کرد، "هیوادارم هەموو پەرلەمانتارێک بێن، ئەگەر قسەشیان هەبێ، با بێن لە پەرلەمان قسەی خۆیان بکەن. من نازانم لە چی دەترسن؟ یەکێک هەست بکات لە پەرلەمان کە موڵکی میللەتە، لەوێ دەتوانێ هەرچی بابەت هەیە، هەرچی رەخنەی هەیە، هەرچی قسەوباس هەیە لە پەرلەمان بیکات. ئەمە پێویستە بە زووترین کات کارا بکرێتەوە و داواکارم پەرلەمانتارەکانی تر چیتر وەخت بە فیڕۆ نەدەن، چونکە پێویستیمان بە پەرلەمانە حەتا بۆ دروستکردنی حکوومەت، ئەبێ پەرلەمان کارا بکرێتەوە و با ئەو هەنگاوەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەتیش بهاوێژین".

کشانەوەی هاوپەیمانان و ئامادەیی پێشمەرگە

سەبارەت بە پرسی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، ئەو هەنگاوە پێشبینیکراو بووە، چونکە ئەرکیان تایبەت بوو بە شەڕی داعش و ئێستا ئەو ئەرکە کۆتایی هاتووە. روونیشی کردەوە، رۆیشتنی ئەو هێزانە بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان نایەت.

سەرۆکوەزیران ئەوەی خستەڕوو، "لە کاتی شەڕی داعشیشدا زۆربەی شەڕەکان لەلایەن هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کراون و بوونی هاوپەیمانان زیاتر سیمبولی بووە. ئێستا پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە ئاستێکی زۆر باشی ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک، بۆیە هیچ ترسێکمان لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی نییە."

دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پێویستییە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا، تەنیا خاڵێک بەلایانەوە گرنگ بێت، دەستکەوتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دژە درۆنە. 

لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لە گفتوگۆی بەردەوامداین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و دۆستەکانمان بۆ دابینکردنی ئەم سیستەمە، ئەگەر ئەوە بەدەست بهێنین، دواتر هیچ مەترسییەک نامێنێت." هاوکات هۆشداریی دا لە دروستبوونی کەلێنی ئەمنی لە هەندێک ناوچە و داوای هەماهەنگیی زیاتری لە نێوان هەولێر و بەغدا کرد بۆ رێگریکردن لە قۆستنەوەی ئەو بۆشاییانە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی دارایی

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، مەسرور بارزانی دڵنیایی دا بە هاووڵاتییانی کوردستان و باسی لەوە کرد، هیچ مەترسییەکی ئەمنی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە و ئایندەیەکی رووناکتر و سەقامگیرتر چاوەڕێیان دەکات. 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران گەشبینیی خۆی نیشان دا و گوتی، بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی ئێستا لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەیە، کێشە کۆنەکان بەرەو چارەسەر دەچن. سەبارەت بە پرسی مووچە و بودجەش جەختی کردەوە، لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور.