سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی حەوتەمین پێشانگای هایتێکسی کردەوە
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حەوتەمین پێشانگای تەکنەلۆژیای هایتێکس (HITEX)ـی لە شاری هەولێر کردەوە.
پێشانگاکە کە شەشەم گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژیایە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بە ئامادەبوونی مستەفا سەنەد، وەزیری گواستنەوەی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەت بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە چالاکییەکەی ئەمساڵدا 150 کۆمپانیای جیاواز لە نزیکەی 15 وڵاتەوە بەشدارن و پێشبینی دەکرێت ژمارەی سەردانیکەرانی بگاتە نزیکەی 50 هەزار کەس. کۆمپانیا جیهانییەکان نوێترین داهێنانەکانی خۆیان لە بواری ژیریی دەستکرد و ئامێرە تەکنەلۆژییەکان نمایش دەکەن، لەوانەش ڕۆبۆتی مرۆڤئاسا، درۆنی ئاگرکوژێنەوە، و درۆنی تایبەت بە هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین.
لە پەراوێزی ڕەخساندنی هەلی کار و خستنەڕووی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ، پێشانگاکە پشتگیریی تەواو بۆ بازرگانییە بچووکەکان دابین دەکات و زۆنێکی تایبەتی بۆ نزیکەی 30 بازرگانیی بچووک تەرخان کردووە.