یەكێتی پرسی كۆنگرە یەكلایی دەكاتەوە

مەكتەبی سیاسی یەكێتی گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێك دەكات

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ھەولێر كۆببێتەوە و پرسی كۆنگرە یەكلایی بكاتەوە و گفتوگۆش لەبارەی پرسە ھەنوكەییەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق دەكات.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی بارودۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان و عێراق و ناوخۆیی یەكێتی تاوتوێ دەكەین".

گوتیشی: "پێشتر پێشنیازكرابوو كە پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرە ببەستین، تائێستا ئەو پێشنیاز ھەر ماوە و ئەو پرسە دوانەخراوە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی پرسی بەستنی كۆنگرە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و یەكلایی دەكرێتەوە".

سەعدی پیرە، ئەوەشی خستەروو: "دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، تەواوی بڕیار و راسپاردەكانی كۆبوونەوە دەخەینەروو".

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكاتێكدایە ئەمڕۆش ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی پارتی جەختی كردەوە، كە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی دیاریكراودا بەڕێوەبچێت، لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی عێراقیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رێككه‌وتوون لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بچێته‌ به‌غدا و پارتی و یه‌كێتی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ئاماده‌ بكه‌ن.