مونا قەهوەچی: کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە
مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی دەزانێت و دەڵێت: هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و هیچ بەرژەوەندییەکی حزبی نابێت، ببێتە هۆی دواکەوتنی کاراکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان؛ جەختیش دەکاتەوە "پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پاراستنی مێژوو و دەستکەوتەکانی گەلە؛ ئەمەش بەرپرسیارێتیی هەموومانە".
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە گوتارێکدا کە لە کوردستان24 بڵاوکراوەتەوە، جەخت لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات دو دەڵێت "بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە".
قەهوەچی ئاماژەی بە هەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم کردووە و دەڵێت: هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، بەردەوامکردنی پرۆسەی سیاسی و دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارکردنی دامەزراوە دەستورییەکان. هاوکات کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بە پێویستییەکی دەستووری و نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی ناوبردووە.
هەروەها نووسیویەتی: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، تەنیا ئەرکی حکوومەت یان یەک لایەن نییە؛ بەڵکو بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەیە، کە لە پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکەن؛ بۆ ئەم هەنگاوە داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە، گفتوگۆ و رێککەوتنی سیاسی
بکەن؛ بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی هەرێم بە شێوەیەکی یاسایی و کارا بەردەوامی بە کار و ئەرکەکانیان بدەن.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان دەڵێت "قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە؛ ئەم قەوارەیە بە مێژوویەکی درێژی خەبات، قوربانی و خوێنی شەهیدان بەدەست هاتووە. بۆیە پاراستن و بەهێزکردنی ئەم قەوارەیە، پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و دڵنیابوون لە داهاتووی نەوەکانی داهاتووە. لەبەر ئەمە، هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و هیچ بەرژەوەندییەکی حزبی نابێت ببێتە هۆی دواکەوتنی کاراکردنی دامەزراوەکانی هەرێم. پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان بزانن و بە بڕیار و هەڵوێستی سیاسیی بەرپرسیارانە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم تەواو بکەن".
مونا قەهوەچی لە کۆتایی گوتارەکەیدا نووسیویەتی "کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا، حکوومەتێکی کارامە و یەکڕیزیی سیاسی هەیە. بۆیە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پاراستنی مێژوو و دەستکەوتەکانی گەلە؛ ئەمەش بەرپرسیارێتیی هەموومانە".