ھەژماركردنەوەی دەنگەكانی سلێمانی پێشدەخرێت

تیمی ھەژماركردنەوەی دەنگەكان گەیشتە سلێمانی

K24 - سلێمانی

ئارام بەختیار، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "تیمه‌كه‌ی‌ پارێزگای كه‌ركووك بۆجیاكردنه‌وه‌و ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگەكانی ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە، گه‌یشتنه‌ سلێمانی و ھەژماركردنەوەی دەنگەكانی سلێمانی دەست پێدەكات".

ئه‌حمه‌د نه‌مه‌ڵی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بە كوردستان24 راگەیاند: "بڕیاربوو رۆژی سێشەمە هەژمار کردنەوەی دەنگەکان لەسلێمانی دەست پێبکات، بەڵام تیمی دادوەرەکان کارەکانیان لەکەرکووك تەواوکردووە و بڕیارە سبەی دەست بکرێت بە هەژمار کردنەوەی دەنگەکانی ئەوسندووقانەی سلێمانی کە تانەیان لەسەرە".

لەسەر ھەمان پرس ئەمڕۆ لایەنە ناڕازییەكان بۆ تاوتوێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی هەژماركردنەوەی بەشێك لە سندووقەكانی دەنگدانی هەڵبژاردن كۆبوونەوە و بڕیاریشە ھەڵوێستی ھاوبەشیان لەوبارەوە رابگەیەنن.

ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگەكانی ئەو سندووقانەی كەركووك سكاڵایانە لەسەربوو بە دەست ھەژماركرانەوە.

ھ.م