سه‌رۆك بارزانى: سەپاندنی ئەمری واقعی سەربازی و زۆرداری لە كەركووك و ناوچەكانی تر قابیلی قبوڵ نییە

سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كۆبۆوە

K24 – هه‌ولێر:

لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كۆبوويه‌وه‌ و له‌ وته‌يه‌كدا رايگه‌ياند، سەپاندنی ئەمری واقعی سەربازی و زۆرداری لە كەركووك و ناوچەكانی تر قابیلی قبوڵ نییە و ده‌بێت كۆتايى پێ بێت.

لەو كۆبوونەوەیەدا ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كورتەیەكیان لەبارەی كار وچالاكییە سیاسی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگیی یەكەتییەكەیان بۆ خزمەتكردنی گەنجان و لاوانی كوردستان و دیاریكردن و چارەسەركردنی گرفتەكانیان خستەڕوو و هەروەها سەرۆك بارزانیان لە ئامادەكاریی بۆ بەستنی هەشتەمین كۆنگرەی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ئاگادار كردەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا دەستخۆشی لە ستافی سەركردایەتی و هەموو ئەندامانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و هەروەها ئاماژەی بە رۆڵ و كاریگەریی ئەو یەكێتییە دا لە قۆناغە جیاجاكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان.

لە درێژەی وتەكەیەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە رۆڵی ئافرەتان كردەوە لە ژیانی سیاسی و كولتووری و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگە و داوایشی كرد كە لە كۆنگرەی داهاتوو و چالاكییەكانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پێگە و رۆڵی كچان و ئافرەتان فراوانتر بكرێت و بە پێویستی زانی زەمینە بۆ بەشداریی زیاتریان لە بوارە جیاجیاكان بە بێ جیاوازی بڕەخسێت.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستە سەر یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان كە دروستكردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانییە لەناو چینی لاوان و بە پێویستیشی زانی كە لاوان رووبەڕووی ئەو فەرهەنگە نابەجێیە ببنەوە كە هەوڵ دەدات بەهاكانی كۆمەڵگە لە مانا بەتاڵ بكات و لاوان وگەنجانی كوردستان بەرەو نائومێدی ببات و لە ئازادیخوازی و نیشتیمانپەروەری دووریان بكاتەوە.

ئەوەیشی خستەڕوو، كە پێویستە فەرهەنگی پێشمەرگایەتی لەناو لاوان گەشە بكات كە فەرهەنگی فیداكاری و خۆشەویستیی نیشتیمانە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر قۆناغی پێش ریفراندۆم و رووداوەكانی دوای ریفراندۆم و هەروەها سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەوەی دووپات كردەوە كە سەپاندنی ئەمری واقعی سەربازی و زۆرداری لە كەركووك و ناوچەكانی تر قابیلی قبوڵ نییە و دەبێ كۆتایی بێت.

سه‌رچاوه‌: سايتى سه‌رۆك بارزانى