ھەولێر و بەغدا كردنەوەی رێگای كەركووك تاوتوێ دەكەن
شاندێكی ھەرێمی كوردستان لە كەركووكە
K24 - ھەولێر
ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێكی ھاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی ھەرێمی كوردستان بەرەو كەركووك بەڕێكەوتن، بڕیارە باس لە رێوشوێنە ئەمنییەكانی كردنەوەی رێگای ھەولێر- كەركووك و چاككردنەوەی پردی ناحیەی پردێ بكەن".
گوتیشی: "نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لە كەركووك لەگەڵ بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆدەبنەوە و باس لە گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە دەكرێت لە دوای كردنەوەی رێگای ھەولێر - كەركووك، دەیگرنەبەر. ھەروەھا شاندی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی ھەرێمی كوردستان باس لە چۆنیەتی چاككردنەوەی ئەو پردەی ناحیەی پردێ دەكات كە دوای 16 ئۆكتۆبەر لەلایەن حەشدی شەعبی تەقێندراوەتەوە".
پەیامنێرمان روونیكردەوە: "شاندی ھەرێمی كوردستان بەر لەوەی بچنە كەركووك سەردانی پردەكەیان كرد، بۆ ئەوەی راپۆرتێك لەبارەی پردەكە ئامادە بكەن، تا بڕی ئەو پارەیە دیار بكرێت كە پێویستە بۆ چاككردنەوەی پردەكە".
ھ.م