زەیدی لەبارەی چەکی گرووپەکان هۆشداری بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەدات
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کوردستان24ـی راگەیاند: سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دوایین سەردانی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کردووە و جەختی لە پشتیوانیکردنی لیژنەی گفتوگۆکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کردووەتەوە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ ئەوەی گرووپەکان چەکەکانیان رادەست بکەن و هۆشداری بە سەرکردەکان داوە لە لێکەوتە ئابووریی و سیاسیی و ئەمنییەکان لە پابەند نەبوون بەو کاتەی دانراوە.
سەرچاوەکە دەڵێت, چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت بە خێرایی بودجەی گشتی وڵات پەسند بکرێت، کابینەی حکوومەتیش ئەگەر سوننەکان کاندیدەکانیان یەکلا بکەنەوە و وردە کێشەکانی ناوچوارچێوەی هەماهەنگی چارەسەر بکرێت ئەم هەفتەیە دەنگ بە کاندیدەکان دەدرێت و کابینەی حکوومەت تەواو دەبێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی کرد و گفتوگۆی لەبارەی دۆسییە گرنگەکانی وڵاتەکە کرد، هەروەها میوانداری فالح ساری وەزیری دارایی عێراق کرا، بۆ قسەکردن لەبارەی دۆخی ئابووری و دارایی وڵات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی چوارچێوەی هەمانگی جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی نەختینەیی و گەشەپێدان دەکاتەوە، کە پشتگیری لە سەقامگیریی ئابووری بکات و بە شێوازێکی بەرچاو بەشداری بکات، لە بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی تاکەکەسی عێراقی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، هەروەها دووپات لە گرنگی پارێزگاری لەسەر سەقامگیری عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکەی کرایەوە.