کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز کرایە ئامانج

دەزگای ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، زانیارییان لەبارەی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر نەوتهەڵگرێک لە گەرووی هورمز پێگەیشتووە.

دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، کاپتنی نەوتهەڵگرەکە لە زانیارییە سەرەتاییەکاندا روونیکردەوە، کەشتییەکە بە مووشەکێکی نەناسراو پێکراوە و ئاگر لە ژووری بزوێنەرەکانی کەوتووەتەوە. تیمی کەشتییەکە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی برینداربوون یان زیانی ژینگەیی لە ئارادا نییە.

گەرووی هورمز لەو کاتەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران پێش زیاتر لە حەوت مانگ دەستیپێکردووە، بە کردەیی داخراوە. سوپای پاسدارانی ئێران چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاندبوو، گەرووەکە هەر 24 کاتژمێردا جارێک شاهیدی پێکدادانە و جەختیکردەوە،، ئەو کەشتییە بچووکانەی بەبێ هەماهەنگی نیاز وایە بە گەرووەکەدا تێپەڕن، دەکرێنە ئامانج.

سوپای پاسداران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، ئێران هێشتا لە دۆخی جەنگدایە و لەم دۆخەدا هەموو ئەگەرێک کراوەیە. ئەوان جەختیان لەوە کردەوە، هیچ ناکۆکییەک لە نێوان دەزگای دیپلۆماسی و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەدا نییە و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان هەردوو لا هەیە.

تاران لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشنیازێکی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کردنەوەی گەرووەکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ خستبووەڕوو. سەرەڕای رەتکردنەوەی ئاشکرای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هیچ رەتکردنەوەیەکی فەرمییان پێ نەگەیشتووە.