تەرمی کەسێك لەقەرەداغ دۆزرایەوە
تەرمەكە نەناسراوە
K24 - سلێمانی
تەرمی كەسێك لە سنووری ناحییەی قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانی دۆزرایەوە و ھیچ ناسنامەیەكی پێ نییە و تائێستا تەرمەكە نەناسراوەتەوە.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2018/7/25، تەرمی کەسێك لەنزیك گوندی سۆڵەی سەر بەناحیەی قەرەداغ دۆزرایەوە".
لە راگەیەندراوەكە ھاتووە: "مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی قەرەداغ و تیمەکانی بەڵگەو تاوان چونە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکردووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی کەسەکە ھیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووە نەتوانراوە بناسرێتەوە. تەرمەکە گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری سلێمانی بە مەبەستی شیکاریی و ھۆکاری گیان لەدەستدانەکەی".
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند: "لەلایەن بنکەی پۆلیسی قەرەداغەوە پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخراو خرایە بەردەست دادوەری لێکۆڵینەوە".
ھ.م