قادر عەزیز لە پۆستەكەی دوور دەخرێتەوە
لە ماوەی كەمتر لە پێنج مانگ یەكێتی دووجار گۆڕانكاری لەو پۆستە دەكات
K24 - ھەولێر
كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بڕیاری گۆڕانكاری لە راگەیاندنی حزبەكەی دەدات و قادر عەزیز، لە پۆستی بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دوور دەخرێتەوە.
لە ماوەی كەمتر لە پێنج مانگ، ئەوە دووەمین جارە یەكێتی گۆڕانكاری لە پۆستی بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن دەكات.
ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی ئاشكرای كردووە، رەهبەر سەید برایم، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ئەركی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیانی یەكێتی پێدەسپێردرێت.
رەهبەر سەید برایم، بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە: "لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە فەرمانم بۆ دەرچووە كە وەك لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دەستبەركار ببم".
دوای بڕیارەكە تائێستا بە فەرمی ئەركی داھاتووی قادر عەزیز، لە ھیچ مەكتەبێكی یەكێتی دیار نەكراوە، ماڵپەڕی فەرمی ئەو حزبەش دەڵێ، بەپێی زانیارییەكان دەبێتە سەرپەرشتیاری راگەیاندن.
بەگوێرەی زانیارییەكان ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی چاویان بڕیبووە، پۆستی بەرپرسی مەكتەب، بەڵام كۆسرەت رەسوڵ رەزامەندی لەسەر رەهبەر سەید برایم داوە.
پاش چەند ساڵێك نەبوونی بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لە 1/4/2018 مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەو پۆستەی بە قادر عەزیز سپارد، بەڵام دوای كەمتر لە چوار مانگ لەو پۆستە، جارێكی دیكە كۆسرەت رەسوڵ بڕیاریدا رەهبەر سەید برایم، ئەو پۆستە وەرگرێت.