سەرۆكی لیست یەكێتی دەكا بە دووبەش
رەخنەی توند لە سەركردایەتی یەكێتی دەگیرێت
K24 - ھەولێر
لە ماوەی تەنھا چەند كاتژمێرێكدا، یەكێتی نیشتمانی كوردستان دووجار سەرۆكی لیستی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گۆڕی، ئەمەش كاردانەوەی كادیری و ئەندامانی ئەو حزبەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە دوای خۆدا ھێنا. بەرپرسێكی باڵای یەكێتیش دەڵێ "ئەرسەلان بایز خۆی لە سەرۆكی لیست كشاوەتەوە".
دوێنێ ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سەرۆکی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، بهڵام چەند كاتژمێرێك به قوباد تاڵهبانی گۆڕدرا.
لەسەر ئەو پرسە كادیر و ئەندامانی یەكێتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنەی توند لە حزبەكەیان دەگرن، كە لادانی ئەرسەلان بایز لە سەرۆكی لیست لە ژێر فشاری تەكەتولات و پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووە، كە ژمارەیەك لە كادیرانی یەكێتی لەگەڵ ئاشكرا كردنی ناوی ئەرسەلان بایز، وەك سەرۆك لیست داوایان لە حزبەكەیان كردبوو كە سەرۆك لیست بگۆڕدرێت. بەشێكی دیكەش دژی ئەو گۆڕانكارییە نووسیویانە، ئەگەر قوباد تاڵەبانی كوڕی سكرتێری گشتی پێشووی یەكێتی نەبوایە نەدەكرایە سەرۆكی لیست.
دوای كاردانەوەكانی جەماوەری یەكێتی لەسەر دانانی سەرۆكی لیست، ژمارەیەك بەرپرس و دامەزراوەی یەكێتی بۆ ھێوركردنەوەی دۆخەكە روونكردنەوەیان بڵاوكردەوە.
لەوبارەوە لە روونكردنەوەیەكدا زوبێر عوسمان، جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نووسیویەتی: "ئەرسەلان بایز، بەهۆی دۆخی تەندروستیەوە داوای بەخشینی لە سەرۆكی لیستی یەكێتی كرد و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی بووە سەرۆكی لیست".
ھەفتەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدانی درێژكردەوە و ئەمڕۆ دوا رۆژە بۆ وەرگرتنی ناوی كاندیدان.