كێشه‌ی رێگه‌ی هه‌ولێر- كه‌ركووك ده‌برێته‌ به‌غدا

"پرسە ته‌كنيكييه‌كانى کردنەوەی رێگاکە کۆتاییان هاتووە"

K24 - ھەولێر

بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی رێگه‌ی هه‌ولێر- كه‌ركووك و دووباره‌ كردنه‌وه‌ی،  شاندێكی هه‌رێمی كوردستان لە بەغدایە، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی ئەو بابەتە بكەن.

پێش بەڕێکەوتنی شاندی ھەرێم. عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە كوردستان24 راگەیاند: "شاندێکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی کردنەوەی رێگەی نێوان هەولێر- کەرکووك، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە".

 گوتیشی: "ئومێدەوارین بتوانین لەگەڵ لایەنی عێراقی لەسەر کردنەوەی ئەو رێگایە رێکبکەوین.

ئاماژەی بەوەشدا: "پرسە ته‌كنيكييه‌كانى کردنەوەی رێگاکە کۆتاییان هاتووە و لەبارەی پرسە ئەمنییەکانەوە لەگەڵ لایەنی عێراقی گفتوگۆ دەکەین".

بۆ هۆى رووداوه‌كانى 16 ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه‌، رێگه‌ى سه‌ره‌كى هه‌ولێر كه‌ركووك داخرا و له‌ شاره‌دێى پردێ، پردى سه‌ره‌كى رێگاكه‌ ته‌قێندرايه‌وه‌ و به‌و هۆيهشە‌وه‌ ماوه‌ى نزيكه‌ى ساڵێكه‌ رێگه‌كان له‌ كار كه‌وتووه‌ و هاووڵاتيان ناچارن رێگه‌ى ديكه‌ى وه‌ك رێگه‌ى ته‌قته‌ق و ديبه‌گه‌ بۆ هاتووچۆى كه‌ركووك به‌كارهێنن.

ھ.م