سەرۆك بارزانی: ئەو زوڵمەی تیرۆرستان لە ئێزدییەكانیان كرد نابێ لە یاد بكرێت

سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی چلەی هاوین پەیامێك ئاراستەی ئێزدییەكان دەكات

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعوود بارزانی، لە پەیامێكدا بەبۆنەی جەژنی چلەی ھاوینی ئێزییەكان، پیرۆزبایی لە ئێزدییەكان دەكات و رایدەگەیەنێت: "ئەو زوڵمە گەورەیە نابێ لەیاد بكرێت كە لە لایەن تیرۆریستانەوە بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و گەلەكەماندا هات".

لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "بەبۆنەوەی هاتنەوەی جەژنی چلێ هاڤێنێی ئایینی ئێزیدی گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی پیاوانی ئایینی ئێزیدی و خوشك و برا ئێزیدییەكانی كوردستان و سەرتاسەری جیهان دەكەم. ئەو جەژنە لە كاتێكدایە كە كوردستان برینداری ئەو كارەساتەیە كە لە لایەن تیرۆریستانەوە بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و گەلەكەماندا هات و ئەو زوڵمە گەورەیە نابێ لەیاد بكرێت".

سەرۆك بارزانی راشیدەگەیەنێت: "هیوادارم ئەو جەژنە ببێتە دەستپێكێك بۆ گەڕانەوەی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بۆ ژیانی ئاسایی و بتوانن لە كەشێكی ئارام و ئاشتیانەدا جەژن و شادییەكانیان بكەنەوە".