شه‌ش فه‌رمانگه‌ی فیدرالی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ده‌كرێنه‌وه
ره‌زامه‌ندی كردنه‌وه‌ی شه‌ش فه‌رمانگه وه‌رگیراوه
K24 - هه‌ولێر:
پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه رایده‌گه‌یه‌نێت، له سه‌ردانێكیدا بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆی عێراق، ره‌زامه‌ندی كردنه‌وه‌ی شه‌ش فه‌رمانگه‌ی فیدرالی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه وه‌رگرتووه.
عه‌لی عوسمان، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه به وه‌كاله‌ت، له ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، بڵاویكردووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌عره‌جی، وه‌زیری ناوخۆی عێراق له به‌غدا كۆبووه‌ته‌وه و تێیدا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی شه‌ش فه‌رمانگه‌ی فیدرالی پێدراوه.
به گوێره‌ی بڵاوكراوه‌كه‌ی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه به وه‌كاله‌ت، هه‌ریه‌ك له فه‌رمانگه‌كانی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڕه‌گه‌زنامه – جنسيه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بارى شارستانى، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى نشینگه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كارتى زانیارى، ليواى پاسه‌وانى سنوور و تابلۆی ئۆتۆمبێل) ده‌كرێنه‌وه.
هه‌ڵه‌بجه، له 13ی ئاداری ساڵی 2014، به بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بوو به پارێزگا، به‌ڵام تا ئێستاش له‌لایه‌ن به‌غداوه هه‌روه‌كو قه‌زایه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و له یاسای بودجه‌ی 2018شدا، وه‌ك پارێزگا ئاماژه‌ی بۆ نه‌كراوه.
ا. م