توركیا گامێشی زۆنگاوهكانی باشوور دهفهوتێنێ
"ئاومان دەوێت، مووچەمان ناوێت"
K24 - ههولێر:
بەھۆی كەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە زۆنگاوەكانی باشووری عێراق، مەترسی لەسەر كەرتی ئاژەڵداری بەتایبەت بەخێوكردنی گامێش دروستبووە، ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانەش داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن، ھەنگاوێك بنێت بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و ئاوییان بۆ دابینبكات.
پسپۆڕانی بواری ژینگەش ھۆكارەكە بۆ كەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات دەگێڕنەوە كە لە توركیاوە دەڕژێنە نێو عێراقەوە.
ھەرگیز بەبیر شاعیران و ھونەرمەندانی عێراقدا نەدەھات كە رۆژانێك زۆنگاوەكان بەمشێوەیە ببینن، ئەوان كە چەندان ھەڵبەست و گۆرانیان بەسەر ئەم زۆنگاوانەدا ھۆنیوەتەوە، ئێستا خەریكە بە تەواوی ووشك دەبن.
بۆ ئاژەڵدارێكیش نەمانی ئاو واتە نەمانی ژیان.
محەمەد غان، بەخێوكەری گامێشه و دهڵێت: "ژیانمان بە زۆنگاوەكانەوە بەندە، ئێستاش ئاو كەمیكردووە، خەریكە بەتەواوی ووشك دەبن، زۆربەی ئاژەڵەكانمان فرۆشت، ئێستا تانكی ئاو بە 10 تا 14 ھەزار دێت، لە دۆخێكی خراپداین ".
ئاوی زۆنگاوەكان بەشێوەیەك كەمبووەتەوە كە مەترسی لە ژیانی ئەوخەڵكە دروستكردووە، ئەوان جگە لە ئاو داوای ھیچ شتێكی دیكە لە حكومەتەكەیان ناكەن.
ئوم سەتاریش خاوەن ئاژەڵه و دهڵێت: "ئاومان دەوێت، مووچەمان ناوێت، ھیچمان لە ئێوە ناوێت، دەمانەوێ ئاومان بۆ دابینبكەن، تابتوانین ئاژەڵەكانمان بەخێوبكەین، تەنیا ئاومان لەم حكومەتە دەوێت، تەنیا ئاو ".
فەلاح جەبار یهكێكی دیكهیه له خاوه ئاژهڵهكان و گوتوویهتی: "ماڵیان كاولكردین، لە ماوەی 4 رۆژدا 12 گامێشم لەدەستدا، رەمەزانی رابردوو، بۆ ھەر سەرێك 3 ملیۆن و نیویان پێدا نەمفرۆشتن، جا خۆت حیسابی كە چەندم زەرەركردووە ".
پسپۆڕانی بواری ژینگەش ھۆكاری ووشكبوونی ئەم زۆنگاوانە بۆ كەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات دەگێڕنەوە كە لە توركیاوە دەڕژێنە نێو عێراقەوە.
جاسم ئەسەدی شارەزای ژینگە دهڵێت: "ئەمڕۆ ئەو ئاوەی لە توركیاوە دێت كەمە، زۆر كەم و ترسناكە، ئەو ئاوەی دەچێتە نێو بەنداوی موسڵەوە ناگاتە 105 بۆ 110 مەتر سێجا، لەرووی دابەشكردنی ئاویشەوە زۆر بە ناڕێكی دابەشدەكرێت، بەتایبەت لەلایەن جوتیارانی ناوەڕاستی عێراق".
ساڵی 2016 زۆنگاوەكانی عێراق لەلایەن رێكخراوی یۆنسكۆوە خراونەتە لیستی شوێنەوارە جیھانییەكانەوە، بەڵام بە كەمبوونەوەی ئاوی ھەردوو رووباری دیجلە و فورات، كە لەتوركیاوە دەڕژێنە نێو عێراقەوە، مەترسی لەسەر بە بیابانبوونییان دروستبووە.
ئامادهكردنی: فارووق محهمهد