سەرۆكی لیستی گۆڕان بە تەلەفۆنێك گۆڕاوە
عەبدوڵڵای مەلا نوری: هەمووان حەقیانە بپرسن بۆ ئەمە نەکرا
K24 - ھەولێر
ھەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای دەكات، سەرۆكی لیستی حزبەكەی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە تەلەفۆنێك گۆڕدراوە. راشیدەگەیەنێت "بەپێی دەستووری گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانی، دەنگدان تەنها لە ناو جڤاتدا دەکرێت، هەمووان حەقیانە بپرسن بۆ ئەمە نەکرا".
پێشتر دەنگۆی ئەوە ھەبوو كە عەبدوڵڵا مەلا نوری، سەرۆكی فراكسیۆنی لیستی گۆڕان دەبێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام گۆڕان بە فەرمی ئاشكرای كرد كە عەلی حەمە ساڵح وەك سەرۆكی لیست دیاركراوە.
ئاواتی شێخ جەنابت، رێكخەری ژووری كارگێڕی و دارایی بزووتنەوەی گۆڕان لە دیدارێكیدا لە تەلەفزیۆنی حزبەكەی رایگەیاندووە كە دیاركردنی سەرۆكی لیست بە پرۆسەیەكی دیموكراسی بووە، بەڵام عەبدوڵڵای مەلا نوری، ئەوە رەتدەكاتەوە و دەڵێت: "سەرۆك لیستی گۆڕان بە تەلەفۆنێك گۆڕدراوە".
عەبدوڵڵای مەلا نوری لە روونكردنەوەیەكدا نووسیویەتی: "کاك ئاواتی شێخ جەناب، باسی ئەوەی کرد گوایە سەرۆکی لیستی گۆڕان لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا هەڵبژێردراوە. لەو بارەوە بە پێویستم زانی ئەوە بڵێم: سەرۆکی لیستی گۆڕان لە مانگی 11ی 2017وە دانرابوو، ئەو گۆڕانکاریەی کە کرا بەهۆی چەند تەلەفۆنێکەوە بوو، یەکێك لەوانەی تەلەفۆنی بۆ کرا کاك ئاوات بوو".
دەشڵێت: "بەپێی دەستووری گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانی، دەنگدان تەنها لە ناو جڤاتدا دەکرێت، هەمووان حەقیانە بپرسن بۆ ئەمە نەکرا. لای من ئەو دۆسیە داخراوە، هیوادارم ناچار بە قسەی تر نەکرێین".