توركمانه‌كان داواى پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك ده‌كه‌ن
نيگه‌رانى عه‌ره‌به‌كانى لێكه‌وتووه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
لايه‌نه عه‌ره‌بى و توركمانييه‌كانى كه‌ركووك، ناكۆكى نێوانيان پتر بووه به هۆى داواكارى توركمان بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك، كه نيگه‌رانى عه‌ره‌به‌كانى لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
گوته‌بێژى ئه‌نجوومه‌نى عه‌ره‌بى كه‌ركووك، حاته‌م تائى له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانيدا، رايگه‌ياند، "هه‌ندێك لايه‌ن ده‌يانه‌وێت كێشه‌يه‌كى ناوخۆيى له كه‌ركووك درووست بكه‌ن، به هۆى پێداگيريان له‌سه‌ر وه‌رگرتنى پۆستى پارێزگار".
تائى له لێدوانێكدا بۆ سايتى (بغداد اليوم) رايگه‌ياند، "ئێستا پۆستى پارێزگار به وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت و ئه‌وه‌ش رێككارێكى ياسايى و ده‌ستوورييه تا ئه‌و كاته‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان ده‌كرێت و پارێزگارێكى نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێت".
تائى گوتيشى: "داواكردنى پۆستى پارێزگار له لايه‌ن توركمانه‌وه پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماى ديموكراتى و ده‌ستوور و ياساكانى عێراقه. ئه‌گه‌ر پارێزگار له‌سه‌ر بنه‌ماى نه‌ته‌وه‌يى ديار بكرێت ئه‌وا پارێزگاكه ده‌بێته گۆڕه‌پانى ململانێ و درووستبوونى پشێوى".
روونيشيكرده‌وه، "چاره‌سه‌رى نموونه‌يى بۆ ره‌وشى ئێستاى كه‌ركووك، مانه‌وه‌ى ئه‌و دۆخهيه وه‌ك خۆى تا ئه‌و كاته‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت و به شێوه‌يه‌كى ياسايى و ده‌ستوورى پارێزگار هه‌ڵده‌بژێردرێت".
حزبى توركمان ئيلى، سه‌ر به به‌ره‌ى توركمانى رۆژى سێشه‌ممه (31ى تهمموز/ يۆليۆى 2018) رايگه‌ياندبوو، "عه‌ره‌ب و توركمان دژى ئه‌وه‌ن كورد پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك وه‌ربگرێته‌وه".
عه‌لى موفتى، گوته‌بێژى توركمان ئيلى راشيگه‌ياند، "توركمان داواى پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك ده‌كات".
گوتيشى: "توركمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌يه پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك هه‌ر دوو ساڵ بۆ نه‌ته‌وه‌يه‌ك بێت".
هه‌روه‌ها گوتى: "كورد ماوه‌ى 14 ساڵ پۆستى پارێزگاريان به ده‌سته‌وه بوو، سياسه‌تێكى هه‌ڵه‌يان گرتبوويه به‌ر له پارێزگاكه. ئه‌گه‌ر جارێكى ديكه ئه‌و پۆستهيان بوێت، ده‌بێت ملكه‌چى مه‌رجه‌كانى توركمان و عه‌ره‌ب بن و به‌ڵێننامه‌ى ده‌ستنووس پڕ بكه‌نه‌وه و پابه‌ندى بن".
ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له 16ى ئه‌يلوول/ سێپتێمبه‌رى 2017دا بڕيارى لادانى نه‌جمه‌دين كه‌ريم پارێزگارى كه‌ركووكى ده‌ركرد، به تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى ناوبراو "به‌شدارى له پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى كوردستانى كردووه" و له جێى ئه‌و راكان سه‌عيد جبوورى، كه جێگرى پارێزگار بوو، كرايه پارێزگار به وه‌كاله‌ت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، نوێنه‌رى به‌ره‌ى توركمانى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، حه‌سه‌ن تۆران، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، ئاشكرايكردبوو، "ئه‌وان داوايان كردووه توركمانێك بكرێته پارێزگارى كه‌ركووك".
حه‌سه‌ن تۆران، له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا كه له هۆڵى چالاكييه‌كانى قوتابخانه له كه‌ركووك ئه‌نجاميدا، گوتيشى: "عێراق 14 پارێزگارى عه‌ره‌ب و 3 پارێزگارى كوردى هه‌يه و پێويسته كه‌ركووكيش توركمانێك پارێزگارى بێت".
هه‌روه‌ها گوتى: "لايه‌نه عه‌ره‌بييه‌كان به‌و داواكارييه‌ى توركمان رازين و ته‌نيا كورد ره‌تيكردووه‌ته‌وه".
ئه‌وه‌شى گوت: "ئه‌گه‌ر هه‌ر لايه‌نێكى كوردى به په‌رۆش بێت بۆ چاره‌سه‌ر و پشتيوانى پارێزگارێكى توركمان بۆ شاره‌كه بكات، ئه‌وان پێشوازى لێ ده‌كه‌ن".
به‌ره‌ى توركمانى له شارى كه‌ركووك له دواى رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه كه‌وتووه‌ته دژايهتى مافه دهستوورييهكانى كورد و ميليشياكانى ئه‌و به‌ره‌يه هه‌ڵمه‌تێكى فراوانيان بۆ سڕينه‌وه‌ى مۆركى كورديى له شاره‌كه ده‌ستپێكرد و ده‌ستيان به‌سه‌ر ژماره‌يه‌ك باره‌گاى هێزه كوردييه‌كاندا گرت و ئاڵاكانى كوردستانيان له شوێنه گشتييه‌كانى كه‌ركووك هێنايه خواره‌وه.
ئ.ر