نێچیرڤان بارزانی: چاككردنی دۆخی ئێزدیان ئەركێكی هاوبەش و هەمەلایەنەیە
لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان پەیامێک بڵاودەکاتەوە
K24 – ههولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پەیامێك بەبۆنەی ساڵیادی كۆمەڵكوژی و رفاندنی هەزاران ئێزدى لەلایەن داعشەوە و بڵاودەکاتەوە و پستگیری و بایەخی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەزیدییەکان دووپاتدەکاتەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیران هاتووە: "بەردەوام دەبین لەسەر رزگاركردن و بایەخدان بە رزگاركردنی ئەو رفێندراوانەی هێشتا رزگار نەكراون و ونن".
نێچیرڤان بارزانی سەرەڕای دووپاتکردنەوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ باشترکردنی رەوشی ئێزیدییەکان، دەشڵێت: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكانی هەوڵی باشكردنی ژیانی ئاوارەكانی دەڤەری شنگال دهدات كە چەند ساڵە لە دۆخێكی ناخۆشی ئاوارەییدا دەژین".
سەرۆکی حکوومەت دەشڵێت : "بەڵگەی تەواو هەن تاکو حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بڕیارێكی تایبەت دان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا بنێن".
دەقی پەیامەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان:
ئەمڕۆ ساڵیادی كۆمەڵكوژییەكی دیكەی ئێزدییانە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە. ئەو كۆمەڵكوژییە وەك یەكێك لە دڕندانهترین كۆمەڵكوژییەكانی سەدەی بیستویەك كەوتە مێژووی گەلی كوردستان و مرۆڤایەتییەوە.
لەو هێرشهدا بۆ سەر دەڤەری شنگال 1923 كەسی سیڤیلی دەڤەری شنگال شەهیدكران، هەروەها 6417 ئێزدیش رفێندران كە زۆربەی زۆریان منداڵی كچ و ئافرەتن و 2745 منداڵیش بێ دایك و باوك بوون. دەیان پەرستگەی ئێزدییان وێران كران و تا ئێستا 69 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە. ئەوانە و چەندین ئامار و بەڵگەی دیكە بەسن بۆ ئەوەی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بڕیارێكی تایبەت دان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا بنێن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە پاراستنی ئێزدییان و هاوكاریكردنی زیاتری ئاوارەكانی دەڤەری شنگال، هەروەها نووسینگەی تایبەتیمان بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ رزگاركردنی رفێندراوان كە تا ئێستا نیوەیان رزگار كراون و تا رزگاركردنی هەموو خوشك و برا ئێزدییە رفێندراوەكانمان ناوهستین. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكانی هەوڵی باشكردنی ژیانی ئاوارەكانی دەڤەری شنگال دهدات كە چەند ساڵە لە دۆخێكی ناخۆشی ئاوارەییدا دەژین.
لەم رۆژە خەمناكەدا بە پێویستی دەزانین حكوومەتی فیدڕالیی عێراق دەستبكات بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی دەڤەری شنگال و بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی بگەڕێنەوە سهر زێدی باب و باپیرانیان.
هەروەها داوا لە دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی دژی داعش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەكەین، بەشدار بن لە ئاوەدانكردنەوەی دەڤەری شنگال و باشكردنی ژیانی خەڵكی ئەو ناوچەیە كە جینۆسایدكردن و لێكەوتەكانی و خراپیی گوزەران، ژیانی ئەوانی تەواو ناخۆش كردووە. ئاوەدانكردنەوە و باشكردنی ژیانی خەڵكی دەڤەری شنگال ئەركێكی هاوبەش و هەمەلایەنەیە.
لەم رۆژەدا سەری رێز بۆ قوربانیان و گیانی پاكی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دادەنوێنین كە لەپێناو رزگاركردنی شنگالدا شەهید بوون و تێكشكاندنی داعش لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا لە شنگالەوە دەستیپێكرد.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
03/08/2018
H.J