پەرلەمانتارێکی بەریتانیا لەسەر رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر هاتە دەنگ
هێرشی تووند دەکاتە سەر بەغدا
K24 – ههولێر:
جاک لۆپرێستی، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا، لە وتارێکیدا کە لە رۆژنامەی تایمزدا بڵاوکراوەتەوە تیشک دەخاتە سەر رۆژەکانی دوای ریفراندۆم و کارەکانی بەغداد بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان.
لۆپرێستی پێی وایە کوردستان لانەی ئارامی و پێکەوەژیانە و ریفراندۆم تەنها هەوڵێک بووە بۆ رزگاربوون لە عێراقێکی فیدرالی چەقبەستوو، بەغداش بە هەوڵی نەهێشتنی هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی پێشمەرگە تۆمەتبار دەکات.
ئەو پەرلەمانتارەی بەریتانیا دڵخۆشە بەوەی کوردەکان، بەریتانیا بەشوێنی فێربوون و خوێندن دەزانن و سەردانی دەکەن، هەروەها بەوەش دڵخۆشە کە زمانی ئینگلیزی پێگەی گرنگی خۆی هەیە لە کوردستان.
سەبارەت بە پشتگیرکردن لە هێزەکانی پێشمەرگە ئەو نەریتپارێزەی بەریتانیا دەڵێت: "من سەردانی سەربازە بەریتانییەکانم کرد لە هەولێر کە راهێنان بە هەزاران پێشمەرگەی پەرۆش دەکەن، ئەمە گرنگە بۆ ئێمە چونکە پێشمەرگە گرنگ بوو بۆ تێکشکاندنی داعش، کە رەگی داعش هێشتا لە بەغدای تائیفەگەر بوونی هەیە و رەنگە بە فۆرمی زۆر مەترسیدار دەرکەونەوە".
لە کۆتای وتارەکەی لۆپرێستی دەڵێت: "کوردەکان لە زۆر نایەکسانی رزگاریان بووە، بەڵام نابێت ئەوانە لەبیر بکەین. دەبێت کاری زیاتری ستراتیژی بکەین بۆ پاراستنیان و هێشتنەوەی ئەو دەسەڵاتە ئەرێنییەی هاوڕێ و هاوپەمانە کوردەکانمان".
بەشێک لە وتارەکەی جاک لۆپرێستی:
من ئەو شانازییەم هەبوو کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی کوردستان لە ساڵی پاردا، لە کوردستان بم، بەڵام سامناک بوو کاتێک کاردانەوەی بەغدام بینی بە داگیرکردنی کەرکوک، کوشتنی پێشمەرگە، راگرتنی گەشتی ئاسمانییەکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان بەتەواوی. ئەمانە هەموو پێشێلکاری دەستووربوون.
ئەوەی بەغدا کردی تووندڕوانە و نا پێویست بوو چونکە کوردەکان بە روونی گوتویانە کە چیان دەوێت، بەڵام ئێستا لە عێراقێکی فیدراڵ گیریان خواردووە. کوردەکان ئێستا دەبێت بەهێزی خۆیان بکەنە کردەوە لەگەڵ بەغداد.
شتگەلێک هەن کە وا بکات ستایشی کوردستان بکەین. پشتگیرییەکی قووڵ و سرووشتی بۆ لێبوردەی ئاینیی، کراوەی بەڕووی جیهاندا و رەفتارە رۆژئاواییەکانیان لە سەرووی هەموو جوانییەکانە. شوێنە جیۆگرافییەکەی یارمەتی دەدات وەک پێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی تووندوتیژیەکان کاربکات، ببێتە پرد لە نێوان ئەوروپا و عێراق و یارمەتی مووسڵی وێران بدات.
بەڵام هاوڕێیان لە کوردستان نابێت ئەوە لەبیربکەن کە کوردستان هەندێک کیشەی ناوخۆی وەک خراپی ئابووری و گەندەڵی هەیە کە دەبێت چارەسەربکرێن. دەبێت زیاتر گرنگی بە کەرتی گەشت و گوزار و کشتووکاڵ بدرێت، چونکە کوردستان جێگای سەرسوڕمانی گەشتیارانە کاتێک چیا، رووبار و شوێنە مێژوویەکان دەبینن، لە هەمووشی گرنگتر بوونی ئاسایش و ئەمنییەتە.
H.J