یەكێتی ئاوەڵزاوایەكی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكات

ھەردوو ئاوەڵزاوای مام جەلال لە كێبڕكێ دابوون

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاوەڵزاوایەكی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكات.

میدیای فەرمی یەكێتی لە زاری عیزەت سابیر پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز ئاشكرای كرد، دكتۆر محه‌مه‌د سابیر ئیسماعیل، كاندیدی فەرمی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتییە بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق.

ھەرچەندە پێشتر دەنگۆی ئەوە ھەبوو یەكێتی لەتیف رەشید، ئاوەڵزاواكەی دیكەی مام جەلال، بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكات، بەڵام میدیای یەكێتی ئاماژەی بەوەداوە "له‌ رۆژی 27/5/2018 ه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یەكێتی بە فەرمی دكتۆر محه‌مه‌د سابیری بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كردووە، ئەگەر ئەو پۆستە بە یەكێتی بدرێت".

د. محه‌مه‌د سابیر ئاوەڵزاوای مام جه‌لال و هاوسه‌ری هه‌تاو ئیبرایم ئه‌حمه‌د، خوشكی هێرۆ ئیبرایم ئەحمەدە، چه‌ند ساڵێك باڵیۆزی عێراق بووه‌ له‌ وڵاتی چین، هه‌روه‌ها چه‌ند ساڵێكیش نوێنه‌ری یه‌كێتیی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ له‌ وڵاتانی فه‌ره‌نسا و ئه‌مەریكا.

پێشتر باسی ئەوە دەكرا كە شاناز ئیبراھیم ئەحمد، كار دەكات بۆ ئەوەی لەتیف رەشیدی ھاوسەری بۆ ئەو پۆستە كاندید بكرێت، كە ئەویش ئاوەڵزاوای مام جەلالە.