لە سلێمانی تەقە لە بارەگایەكی پارتی كرا
K24 - سلێمانی
شەوی رابردوو لە شاری سلێمانی تەقە لە بارەگای لیژنە ناوچەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان كرا، بەپێی زانیارییەكانیش تائێستا ھیچ تۆمەتبارێك لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر نەكراوە.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەند كەسێكی نەناسراو تەقەیان لە بارەگای لیژنە ناوچەی رۆژھەڵاتی پارتی كردووە و تائێستاش ھیچ تۆمەتبارێك لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر نەكراوە و ھەرچەندە تەقە كردنەكە زیانی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام زیان بە بینای بارەگاكە كەوتووە".
گوتیشی: "لەسەر ئەو رووداوە كەمێك پێش ئێستا حاكم قادر حەمەجان، كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی لقی 4ی پارتی دیموكارتی كوردستانی لە سلێمانی كرد، ئێستا لەسەر رووداوەكە لە كۆبوونەوەدان".
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتریش لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە، چەندین جار تەقە لە بارەگاكانی پارتی كراوە، بەرپرسانی پارتیش لەو سنوورە گلەییان لەوەكردووە كە تائێستا لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی سلێمانی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوانە نەكراوە.


















