یەكێتی لەسەر كاندید كردنی بەرھەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار روونكردنەوە دەدات

یەكێتی: لەگەڵ پارتی پرۆژەی ھاوبەشمان دەبێت

K24 - سلێمانی

لەبارەی ئەو دەنگۆیەی كە یەكێتی بەڵێنی بە بەرھەم ساڵح داوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكرێت، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەتیكردەوە، بەڵێنیان بە كەس دابێت.

حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ سەعید پشدەری، بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "یەكێتی بەڵێنی كاندیدكردنی بۆ سەرۆك كۆمار بە كەس نەداوە، بەڵام یەكێتی وەك ھێزێكی گەورە و كاریگەر دەرگای كراوەیە، بۆ ھەموو كەسێك كە لە ریزەكانی یەكێتی كاربكات".

گوتیشی: "داوامان لە بەرھەم ساڵح نەكردووە كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، نەشم بیستووە، كاك بەرھەم داوای كردبێت، دەرگاشمان كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو كەس و لایەنێك".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی كاندیدیكردنی محەمەد سابیر بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن یەكێتییەوە، حاكم قادر گوتی: "لە ئەنجوومەنی ناوەند داوا كراوە كە محەمەد سابیر كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام دوا بڕیار لە كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەدرێت، تائێستا گفتوگۆمان لەسەر دوا بڕیار نەكردووە".

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی حاكم قادر گوتی: "دانیشتمان لەگەڵ پارتی بەردەوامە و ئەو دانیشتنانەش پێویست و گرنگن، بۆ دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكە شاندی ھاوبەشمان ھەیە، تائێستا چەندین كۆبوونەوەی ھاوبەشمان ئەنجامداوە و پڕۆژەی ھاوبەشمان دەبێت كە خزمەت بە یەكڕیزی گەلەكەمان بكات".

لەبارەی داواكردن بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان حاکم قادر، ئەوەشی خستەڕوو: "دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەندی بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان هەیە. گوتیشی، پەرلەمان هەر بڕیارێک لەبارەی هەڵبژاردن ئەنجامبدات ئێمە پێیەوە پابەند دەبین".

ھەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا سەعید پشدەری بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی دواخستنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە وەك پارتی لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوەبووین كە دەبێ ھەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆی ئەنجامبدرێن، بۆ ئەوەی گومان نەكەوێتە سەر شەرعیەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارەكەش پەیوەستە بە حكوومەتی ھەرێم و كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، ئەگەر ئەوان بە پەسندیان زانی پرۆسەی ھەڵبژاردن بۆ كاتێكی دیكە دوا بكەوێت، دوا بڕیار دەمێنێتەوە بۆ ھێز و لایەنە سیاسییەكان".

 ھ.م