سه‌رۆك بارزانی: دوای ریفراندۆم ناپاكی هەندێ كەس زیانی گەورەیدا به‌ڵام گەلی كوردستان رووی لە داهاتوویەكی گەشه‌

سه‌رۆك بارزانی په‌یامێك ئاراسته‌ی كۆنفڕانسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

له‌ په‌یامێكدا بۆ كۆنفڕانسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو، سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: "دەستخۆشی لە بەستنی كۆنفڕانسی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو دەكەم و پێزانینم هەیە بۆ هەوڵی یەكە بە یەكەی ئێوەی ئازیز بۆ رێكخستن و یەكخستنی كاروبار و چالاكییەكانی كۆمەڵە كوردییەكان لەو وڵاتانە و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا گوتوویه‌تی: "بە داخێكی زۆرەوە گەلی كورد بە زۆر و بەبێ ئیرادەی خۆی دابەش كراوە و ئەو دابەشبوونە وای كردووە گەلی كورد تووشی كارەسات و زوڵمی گەورە بێت و كورد بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆی  بەرخودانی كردووە و شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كورد بەڵگەی ئەو راستییەن. جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران و ئاوارەكردن، پەلاماری تیرۆریستان و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانمان هات و دەیان كارەساتی تر و ڕووداوەكانی دوای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەر هەمووی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كورد بووە. بەڵام پشت بە خودای گەورە و خۆڕاگریی گەلەكەمان و قارەمانێتیی پێشمەرگە گەلی كورد زیندووە و ئیرادەی تێكنەشكاوە و لە خەباتی خۆی بەردەوامە".

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌، گەلی كورد هەمیشە ئاشتی و پێكەوەژیانی ویستووە و هەرگیز نەیویستووە ستەم لە گەلانی تر بكات و دەیەوێت بە ئاشتی و سەربەرزی بژیێت. ئەركی هەموو لایەكمانە بە باشترین شێوە پەیامی ئاشتی بگەیێنین و جیهانیان لە دۆزە رەواكەی گەلی كوردستان تێبگەیێنین. لەگەڵ ئەوەیشدا هەوڵی ئەوە بدەین پەیوەندیی كولتووری و سیاسی و دۆستایەتی بە باشترین شێوە لەگەڵ گەلانی جیهان دروست بكەین.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زۆر خۆشحاڵم كە ئێوەی بەڕێز لە هەوڵی ئەوە دان لە ڕێگەی یەكگرتن و خۆ رێكخستن لەسەر شێوازی سەردەمیانە ببن بە پردێكی پتەو بۆ پەپوەندیی كورد و ئەو وڵاتانەی كە لەنێو جیۆگرافیای سۆڤییەتی پێشوو دان. لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم كە جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا و وڵاتانی تری سۆڤییەتی پێشوو بكەومەوە كە ئەو مێژووە لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر بناخەی بۆ دانرا و گەییشتە لووتكە. هەروەها پێزانینیشم هەیە بۆ سیاسەتی حكوومەتی رووسیا و وڵاتانی تری ئەو ناوچەیە لەبەرانبەر دۆزی كورد و رێگەپێدانیان بۆ چالاكی سیاسی و كولتووری و ئەو سیاسەتە بەرز دەنرخێنم".

سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: "بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست بكەم بۆ هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەریتان و دەستخۆشیتان لێ دەكەم بۆ هەوڵەكانتان بۆ پاراستنی رەسەنایەتی و زمان و كولتووری كورد لەنێو خۆتان. هەروەها هەڵوێستی ئێوەی خۆشەویست بۆ پاڵپشتیتان لە خوشك و براكانتان لە هەرێمی كوردستان لە كاتی ریفراندۆم لە یاد ناكەین و جێگەی شانازی و خۆشحاڵیمانە. ریفراندۆم دەربڕینی رای رەوای گەلێكی مەزلووم بوو بە ئاشتیانەترین شێواز، راستە رووداوەكانی دوای ریفراندۆم و ناپاكیی هەندێ كەس زیانی گەورەی لە گەلی كوردستان دا، بەڵام دڵنیاتان دەكەم ئێستا گەلی كوردستان بە ئیرادەیەكی بەرزتر و بە هۆشیارییەكی زیاتر ماوەتەوە و رووی لە داهاتوویەكی گەش و پێشكەوتنە".

لە كۆتاییدا ئەوە دووپات دەكەمەوە كە ئێوە خوشك و برا و ئازیز و جێگەی ئومێدی ئێمەن، و پشتیوانی لە كار و چالاكییە فەرهەنگی و سیاسییەكانتان دەكەین و هیوادارم كۆنفرانسەكەتان بە بڕیار و ڕاسپاردەی باش كۆتایی بێت و دەروازەیەكیش بێت بۆ یەكخستنی وتاری ئێوە و كوردەكانی ئەوروپا و هەموو جالیەی كورد لە وڵاتانی جیهان.

ئەمڕۆ له‌ رووسیا کۆنفرانسی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.

پێشتر كنیاز ئیبراهیم، سه‌رۆكی فیدراسیۆنی كۆمه‌ڵه‌ كوردییه‌كانی وڵاتانی سۆڤیه‌ت، به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، لەکۆنفرانسەکەدا نوێنەران و کەسایەتیە دیارەکانی کوردانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو و به‌شێك له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپا، هەروەها بەرپرس و چەند کەسایەتێکی ناسراوی هەر چوارپارچەی کوردستان به‌شدارده‌بن.

گوتیشی، لەو کۆنفرانسەدا گفتوگۆدەکرێت له‌باره‌ی یەکگرتنی سەرجەم رێکخراوە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو لە چوارچێوەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کوردانی سۆڤیەتدا.