خۆپیشاندان و مانگرتن دەستپێدەكاتەوە

خۆپیشاندەرانی عێراق دەستبەرداری داواكارییەكانیان نابن

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ خۆپیشاندان و مانگرتن لە بەغدا و بەسرە و نەجەف و شارەكانی دیكەی باشوور و ناوەراستی عێراق دەستپێدەكەنەوە.

لیژنەكانی ھەماھەنگی خۆپیشاندانەكان لە بەسرە و نەجەف رایانگەیاندووە، وەك ئامانجێكی تەواوكاری بۆ خۆپیشاندانەكانی رۆژی ھەینی، ئەمڕۆش لە سەرجەم شارەكانی وەك بەسرە و بەغدا و نەجەف، خۆپیشاندان دەستپێدەكەنەوە، دژبە نەبوونی خزمەتگوزاری و كەمتەرخەمی حكومەت لە بەدەمەوەچوونی داواكارییەكانیان و جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبن، تا ئەو كاتەی حكوومەت بە شێوەیەكی راستەقینە داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكات و خزمەتگوزارییە پێویستەكانیان بۆ دابین دەكات و ھەلی كار بۆ سەرجەم گەنجان دەڕەخسێنێت.

نزیكەی مانگێكە لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق خۆپیشاندان دژبە نەبوونی ئاو و كارەبا و بێكاری دەستیپێكردووە و جگە لەوەش خۆپیشاندەران ناوە ناوە داوای ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان و حكوومەت دەكەن. بەڵام حكوومەتی عێراق بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران ھێز بەكاردەھێنێت.

ھ.م