ھەدەپە وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە
ئەردۆغان ھەڕەشە لە شەش ملیۆن دەنگدەر دەكات
K24 - ھەولێر
پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە)، وەڵامی رەجەب تەریب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دەداتەوە و لێدوانەكانی بە ھەڕەشەكردن لە شەش ملیۆن دەنگدەر دادەنێت.
لە راگەیاندراوێكدا ھەریەك لە پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی، ھاوسەرۆكانی ھەدەپە رایانگەیاندووە، گوتەكانی ئەردۆغان جێی قبووڵكردن نین، ھەدەپە شەش ملیۆن دەنگی بەدەستھێناوە و لەگەڵ خانەوادەكانیان ئەو ژمارەیە دەبێتە 20 ملیۆن كەس، لێدوانەكانی ئەردۆغان دوورن لە كولتووری سیاسەت و دیموكراتی.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، ئەو كەسانەی دەیانەوێ بە ترس، حوكمی وڵات بكەن، پێویستە بزانن لەسەر رێگەیەكی ھەڵەن، ھەدەپە بە 67 پەرلەمانتارەوە چووەتە پەرلەمانەوە و نەیھێشتووە ھاوپەیمانێتی ئاكەپە و مەھەپە بە ئارەزووی خۆی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان بگۆڕێت، ئەنجامی ھەڵبژاردن دەریخستووە، ھەدەپە دەتوانێت لە زۆر ناوچە شارەوانی بەدەست بھێنێت و رێگری لە پلانەكانی ئاكەپە بكات.
ھاوسەرۆكانی ھەدەپە ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ئاكەپە بۆ ئەوەی تێكچوونی ئابووری و شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوە بشارێتەوە، ھەڕەشە لە ھەدەپە دەكات.
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر ئەردۆغان رایگەیاندبوو، ئەو كەسانەی وایان كرد ھەدەپە بگاتە پەرلەمان، باجەكەی دەدەن.
ھ.م