حكوومەتی ھەرێم ئامادەكاری بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی 2019 دەكات
ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر چەند پرسێك كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
ئەنجوومەنی وەزیران دوا پێشھاتەكان سەبارەت بە جینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش بەرامبەر كوردانی ئێزدی و ئامادەكارییەكان بۆ پرۆژە بودجەی 2019ی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24: "بڕیارە ئەمرۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەسەر چەند تەوەرێك كۆببێتەوە، لەوانە پێشنیازی بەركاركردنی یاسای فیدڕاڵی ژمارە 32ی ساڵی 2015ی تایبەت بە بنبڕكردنی سپیكردنەوەی پارە لە ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا پێشنیازی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ بەركاركردنی یاسای كۆمپانیا گشتییەكانی حكوومەتی عێراق لە ھەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت".
ھەر بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەكارییەكان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای ساڵی 2019ی بودجەی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ بكرێن. جگە لەوەش دوا پێشھاتەكان سەبارەت بە ھەوڵەكانی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش بەرامبەر كوردانی ئێزدی و پێكھاتەكانی دیكەی سنووری ھەرێمی كوردستان تاوتوێ بكرێن".
ھ.م