سه‌رۆك بارزانی: له سه‌ربه‌خۆیی پاشگه‌ز نهبووینهتهوهو هیچ كاتێك پاشكۆیه‌تیمان قه‌بووڵ نییه
"ئەگەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر نەبووایە دۆخەكە بەمشێوەیە نەدەبوو"
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له هه‌شته‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكرد و له سه‌ره‌تادا خۆشخاڵی خۆی به به‌شداریكردنی له هه‌شته‌مین كۆنگره‌ی لاوانی دیموكراتی كوردستان ده‌ربڕی و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.
باسی له رۆڵی لاوان له شۆڕشی ئهیلوول و شۆڕشی گوڵان كرد كه رۆڵێكی سه‌ره‌كییان هه‌بووه بۆ پێگه‌یاندنی لاوان له‌سه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراسی و گووتی: "زۆرێك له سه‌ركرده‌كان ده‌رچووی یه‌كێتی لاوان بوون".
هه‌روه‌ها گووتی: "هه‌میشه پشتیوانتان ده‌بم و پارتی به هه‌موو هێز و توانایه‌كه‌وه وه‌ك هه‌میشه پشتیوانتان ده‌بێت".
سه‌رۆك بارزانی گووتی: "له‌و رۆژه‌وه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر ده‌ستی به شۆڕش كرد، كورد تینووی ئازادی بووه و به‌رده‌وام به‌دوای مافه‌كانییه‌وه بووه، هه‌میشه كورد به‌رگری له خۆی كردووه‌و نه‌چووه‌ته سه‌ر خاكی خه‌ڵك و ده‌ستدرێژی نه‌كردووه‌ته سه‌ر كه‌س، به‌ڵكو هه‌میشه به‌رگریی مهردانهمان كردووه، له شۆڕشی ئهیلوول و گوڵانیش به‌رگرییه‌كی مەردانەمان كرد و هیچ لارێییهك له شۆڕشه‌كاندا رووینه‌داوه".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "هیچ گرفتێكمان له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیكه نییه و ته‌نها كێشه‌مان له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌واكان هه‌بووه، كه ده‌شڵێین با شه‌ریك بین قه‌بووڵیان نییه و كه ده‌ڵێن با دراوسێ بین ئه‌ویشیان قه‌بووڵ نییه، ئێمه‌ش پاشكۆیه‌تیمان قه‌بووڵ نییه".
سه‌رۆك بارزانی گووتی: "مێژوو پڕه له ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌سه‌رهاتی ره‌نگاوره‌نگ، بۆ ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه و جیهانیش واباشتره عاقڵانه بیركه‌نه‌وه، به ئاگر و ئاسن ناتوان سه‌ر به گه‌لی كورد شۆڕ بكه‌ن، باشترین چاره‌سه‌ر گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتنه، ئه‌گینا به ئاگر و ئاسن نه‌یانتوانییوه چۆك به میلله‌تی كورد داده‌ن و ناشتوانن".
له‌باره‌ی ریفراندۆمیشه‌وه گووتی: "دوای ساڵی 2003 زۆر هه‌وڵماندا شه‌ریك بین له‌و عێراقه‌دا و خۆم جاری وا هه‌بووه دوو مانگ ده‌مامه‌وه له به‌غدا تا شه‌ریك بین له عێراقی نوێ‌دا، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌ركه‌وت شه‌راكه‌تیان قه‌بووڵ نییه و چه‌ندین جاریش گوتوومه ده‌مانه‌وێت به خۆشی و ئاشتی كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، چووینه به‌غدا و گووتمان ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شه‌راكه‌تی راسته‌قینه و عێراقێكی دیموكراسی و فیدراڵی درووست ببێت و ماندوو بووین به دانانی ئه‌و ده‌ستووره‌وه، وه‌رن بابگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ده‌ستووره، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شتان پێ قه‌بووڵ نییه وه‌رن با ببینه دوو دراوسێی باش و به ئاشتی پێكه‌وه بژین".
هه‌روه‌ها گووتی: "به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر خیانه‌تی هه‌ندێك كه‌س نه‌بووایه له 16ـی ئۆكتۆبه‌ر وه‌زعه‌كه وانه‌ده‌بوو، ئێستاش زۆر لایه‌ن په‌شیمانن له‌وه‌ی روویدا و زوڵم له كورد كرا".
سه‌رۆك بارزانی باسی قۆناغی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری كرد كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له به‌غدا بوون و گووتی: "جاری وا هه‌بوو یه‌ك هه‌فته له‌سه‌ر دوو وشه مشت‌ومڕ هه‌بووه" له دیباجه‌كه‌دا نووسراوه ئاره‌زوومه‌ندانه له‌گه‌ڵ یه‌كێك بیت ده‌شتوانی ئاره‌زوومه‌ندانه لێی جیابیته‌وه، ئه‌و مافه‌ش خوا به ئێمه‌ی داوه، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و مافه به ئێمه ناده‌ن. له سه‌رده‌می كاوه‌ی ئاسنگه‌ره‌وه گه‌لی كوردستان بۆ ئه‌و مافه هه‌وڵده‌دات".
باسی كتێبی رۆژهه‌ڵاتناس "ویگرام"ـی كرد و گووتی: "له‌و سه‌رده‌مه‌وه عه‌بدولسه‌لام بارزانی كه به‌ده‌ستی عوسمانییه‌كان شه‌هیدكرا هه‌وڵی داوه‌و و گوتوویه‌تی ده‌مه‌وێت بێمه لای شا جۆرج بۆ بریتانیا بۆ ئه‌وه‌ی باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكه‌م".
ئێستاش ئه‌گه‌ر كه‌سانێك پێیانوایه ئه‌و مافه‌مان نییه و په‌شیمان ده‌بینه‌وه ئه‌وه خه‌یاڵه، به‌ڵام ئێمه ئێستا و پێش ریفراندۆمیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیین به شه‌ڕ و چه‌ك ئه‌و كاره بكه‌ین و كاتێكی دیاریكراویشمان دانه‌نابوو، به‌ڵام خۆ گوتنهكهیشی كوفر نییه كه نایانه‌وێت بیڵێین".
هه‌وره‌ها گووتی: "ئه‌گه‌ر وا تێگه‌یشتبوون رۆژێك پاش ریفراندۆم سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یێنرێ ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی گه‌وره ئه‌وه بوو زیاتر له 93% به به‌ڵێ ده‌نگی بۆدا، ئه‌وه سه‌ركه‌وتن بوو".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "ریفراندۆم به‌كارهێنرا تا هه‌ندێك لایه‌ن رق و كینه‌ی له مێژینه‌یان به‌رامبه‌ر كوردستان دووباره بكه‌نه‌وه، به‌ڵام پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان سه‌لماندیان ناهێڵن كوردستان بكه‌وێته‌وه ژێر ده‌ستی داگیركه‌ران".
هه‌روه‌ها گووتی: "ئه‌و ئامانجه هه‌ر دێته‌دی، جا نازانم له‌سه‌رده‌می ئێمه ده‌بێت یان ئێوه یان نه‌وه‌كانی ئێوه".
هه‌روه‌ها گووتی: "ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان باشتر بوون و بۆ ناوخۆیش هیوادارین كه هه‌مووان پێكه‌وه‌بن، به‌ڵام كێ له ئێمه نزیكه پێكه‌وه ده‌بین و كێش له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا نییه خۆی سه‌ربه‌سته".
سه‌رۆك بارزانی گووتی: "زۆرێك خۆیان دانابوو بێنه سه‌ر جه‌نازه‌ی پارتی، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی عێراق وه‌ك حزب یه‌كه‌م بووین هه‌ر چه‌نده زوڵم له پارتی كرا‌و و 4 تا 6 كورسی پارتیش دزراوه، ئه‌وانی دیكه هه‌مووی هاوپهیمانێتیین و پارتی حزبی یه‌كه‌مه".
هه‌روه‌ها گووتی: "ئێمه بۆ به‌غدا سێ بنه‌مای سه‌ره‌كیمان هه‌یه ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان پێی هه‌بێت ده‌توانین له‌سه‌ری رێكبكه‌وین وه‌ك "شه‌راكه‌تی راسته‌قینه، ته‌وافووق و ته‌وازن" له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ش له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی له گفتوگۆداین و ئه‌وانیش تا راده‌یه‌ك گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی سیاسه‌ته‌كانی پێشوویان هه‌ڵه بووه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك جاران بیانه‌وێت پاشكۆ بین، ئه‌وه دەیڵێم نه پاشكۆیه‌تیمان قه‌بووڵه و نه قه‌بووڵیشی ده‌كه‌ین".
هه‌روه‌ها گووتی: "خۆتان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده بكه‌ن و ئه‌و قسانه‌یش هیچ بنه‌مایه‌كی نییه كه ده‌ڵێن مه‌كگۆرك هاتووه‌ته لای من و داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی كردووه، هیچ شتێكی وا نییه و قه‌بووڵیش ناكه‌ین له هیچ كه‌سێك كه ده‌ستوه‌رداته هه‌موو كارێكی ناوخۆییمانهوه، من هه‌ر چیم بۆ بكرێت بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌یكه‌م، چونكه پارتی به‌ھێز بێت كوردستان به‌هێز ده‌بێت".
داوای له لاوانیش كرد كه خۆیان ئاماده بكه‌ن بۆ ئه‌و قۆناغه و گووتی: "سه‌رنجیشم له‌سه‌رتان هه‌یه و رێژه‌ی ئافره‌ت كه‌مه و پێویسته زیادی بكه‌ن".
له كۆتایی ده‌رباره‌ی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی گووتی: "هه‌واڵێك بڵاوكرایه‌وه له‌باره‌ی سه‌روه‌ته‌كه‌ی من گوایه 48 ملیار دۆلاره، به‌داخه‌وه راست نیه ئه‌گه‌ر راستبووایه زۆر شت ده‌گۆڕا".