دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلە لەلایەن دایک و باوکان پەرەدەسەنێت

"دەتوانن پێشبینی بۆ ئاستی زیرەکی، توانای جەستەیی و رەنگی چاو بکەن"

K24- هه‌ولێر:

کاسلین کامکینۆن، یەكێكە لەو ژنانەی پێشتر منداڵی نەدەبوو، بۆیە پەنای بردە بەر سیستمی یارمەتیدەری دروستکردنی منداڵ بە ناوی ئین ڤیترۆ فێرتیلیزەیشن (ئای ڤی ئێف)، بەهۆیەوە ژنەکە بووە خاوەنی منداڵ و هەڵبژاردەشی هەبوو کە کوڕی دەوێت یان کچ.

لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، پزیشکەکە بە کاسلین و هاوسەرەکەی دەڵێت کە ئەوان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان رەگەزی منداڵەکەیان دیاری بکەن، ئەوانیش خوازیاری کچێک دەبن.

بۆ ئەم مەبەستەش، دەزگای سی ئێن بی سی، چاوپێکەوتن لەگەڵ دکتۆر جێفری ستێینبێرگ دەکات و وردەکاری و بژاردەکانی دایک و باوکان دەخاتەڕوو.

نرخی تەواوی پرۆسەکە لە کلینیکی ئەو پزیشکە لە کالیفۆرنیا 20 هەزار دۆلارە و لە 85%ـی دایک و باوکان بۆ دیاریکردنی رەگەزی منداڵەکانیان سەردانی ئەو کلینیکە دەکەن.

وردەکاری دیزاینکردنی منداڵ:

پسپۆرانی بواری بایۆلۆژی ناوی ئەم پرۆسەیەیان ناوە "دیزاینکردنی منداڵ" چونکە دایک و باوکان تەنانەت لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانن چەند بژاردەیەکیان هەبێت کە تیایدا شێوە و سیفەتەکانی منداڵیش بەو بژاردانەی کە کۆرپەلەکە دەکرێت هەڵیبگرێت دیاری بکەن.

پزیشکان تەنانەت دەتوانن پێشبینی ئاستی زیرەکی، توانای جەستەیی، رەنگی چاو و چەندین سیفەتی بۆ ماوەیی دیکەی کۆرپەلە بکەن.

تاکو ئێستا نزیکەی چوار ملیۆن منداڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەم جۆرە لە دایکبوون و پێشبینی زیادبوونی خواستی زیاتریش دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە رێکخراو و دەستەی جیاوازی پزیشکان، ئەم پرۆسەیە بە مەترسی دەزانن بۆ دروستبوونی جیاوازی لە نێوان رەگەزی نێر و مێ و داوا دەکەن بەشێوەیەکی رێکخراو ئەنجام بدرێت.

بۆ دروستکردنی منداڵی ناو شووشە، هێلکەیەکی ژن و سپێرمی پیاو لەناو شلەیەکەی تایبەت و لە دەرەوەی جەستە دەپیتێندرێن، ماوەی دوو بۆ شەش رۆژە هێلکە پیتێندراوەکە لە تاقیگە دەهێڵدرێتەوە و پاشان بۆ رەحمی ژنەکە دەگوازرێتەوە. بەمەش ژنەکە بە قۆناغی سرووشتی سکپڕیدا دەڕوات.

 H.J

Fly Erbil Advertisment