تاران شکستی خۆی له سیاسهتی سەپاندنی نرخی دراوی بیانیی راگەیاند
لهمهودوا بانكی ناوهندی له ئێران دهست ناخاته كاروباری بازاڕی دراو
K24 – ههولێر:
سێ مانگ دواى بڕیاری سەپاندنی نرخی حکوومی بۆ دراوی بیانی لە لایەن حکوومەتی ئێرانهوه و قەدەغە کردنی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە دەرەوەی بانکی ناوەندی، تاران بە فەرمی شکستی ئەو سیاسەتەی راگەیاند و جارێکی دیکە مۆڵەتی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی بۆ ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەرکرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران، پێشنیازەکانی بانکی ناوەندیی بۆ رێکخستنەوەی بازاری دراوی پەسند کرد و جارێکی دیکە رێگا بە ناوەندە ناحکوومییەکانی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی درا، چالاکییەکانیان دەست پێبکەنەوە.
سێ مانگ لەمەوبەر و لە پاش هەڵکشانی لە ناکاوی نرخی دۆلار حکوومەتی ئێران بڕیاری دا نرخی 4200 تمەن بۆ یەک دۆلار بسەپێنێ، هەر ئەو کات جێگری سەرۆک کۆمار رایگەیاند، هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی دۆلار لە دەرەوەی بانکی ناوەندی و جگە لەم نرخەی حکوومەت دیاریی کردووە بە قاچاغ دێتە هەژمار.
حکوومەت رایگەیاندبوو، بەو نرخەی دیاریی کردووە بۆ هەموو ئەو کەسانەی خوازیاری کڕینی دۆلارن دۆلاری پێویست دابین دەکات. بەڵام سیاسەتی سەپاندنی یەک نرخ تەنیا ماوەیەکی کورت بازاڕی دراوی سەقامگیر کرد و لە کۆتایی یەکەم مانگی هاویندا نرخی یەک دۆلار تا سەروویی 11 هەزار تمەن بهرز بوويهوه.
لە پاش شکستی سیاسەتی سەپاندنی یەک نرخ، حکوومەتی ئێران بڕیاری داوە نرخی دۆلار ئازاد بکات و بازاڕێکی نوێ بۆ دراوی بیانی دروست بکرێت، کە تێیدا بە بێ دەستێوەردانی حکوومەت یا بانکی ناوەندی، نرخی دراوە بیانییەکان بە رێککەوتن لە نێوان هەناردەکاران و هاوردەکاراندا دیاری بکرێت.
بە گوێرەی سیاسەتی نوێی ئێران هەر جۆرە هاوردەکردنێکی دراوی بیانی و زێڕ بۆ ناوخۆی ئێرانیش بە بێ بەربەست رێگەی پێ دەدرێت و هیچ جۆرە باجێکیشی ناخرێتە سەر.
سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی کە کەمتر لە هەفتەیەکە دەستبەکار بووە، لە لێدوانێکدا بۆ کهناڵی 2ی تەلەڤزیۆنی ئێران رایگەیاند، قاچاغ کردنی دراو سیاسەتێکی هەڵە بووە و لەمەودوا بانکی ناوەندی نرخی دۆلار دیاری ناکات و ئەمە بە بازاڕ دەسپێرێت و خۆی چاودێریی بازاڕیی دراو دەکات. هەر کاتێکیش بە پێویستی بزانێ، لە پاشکۆی دۆلاری خۆی بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕ کەڵک وەردەگرێ.
راگەیاندنی سیاسەتی نوێی دراوی ئێران هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی خولی یەکەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا کە راستەوخۆ سیاستی بانکی و دراوی ئێرانی کردووەتە ئامانج و هەموو جۆرە ئاڵوگۆڕێکی دراو و زێڕ و بازرگانی بە پارەی ئێران قەدەغە دەکات.
دوێنێ دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكى ئهمهريكا، سزاكانى سهر ئێرانى واژوو كرد و بهرهبهيانى ئهمڕۆش ئهو سزايانه چوونه بوارى جێبهجێكردنهوه، ئهمهريكا له ههوڵى ئهوهدايه هاوپهيمانهكانيشى رازى بكات لهمهودوا مامهڵهى دارايى و ئابوورى لهگهڵ ئێران نهكهن.