هێڵی دەریایی عێراق پاش 50 ساڵ چالاکییەکانی لە کەنداو دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئامادەیی هێڵی دەریایی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە بازرگانییەکانی لە کەنداو راگەیاند، ئەمەش پاش ئەوە دێت بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ چالاکییەکانی لەو بوارەدا وەستابوو.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە بڕیاری وەهب حەسنی، وەزیری گواستنەوە و لە چوارچێوەی پلانی کاراکردنەوەی هێڵە نیشتمانییەکان، هێڵی دەریایی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانییەکانی لە ناوچەی کەنداو، پاش وەستانی بۆ زیاتر لە نیو سەدە.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە یەکەم گەشتی هێڵەکە لە 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە بەندەری جەبەل عەلی لە ئیماراتەوە بەرەو بەندەری ئوم قەسری عێراق دەستپێبکات. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی هێڵی نیشتمانی بۆ نێو بازرگانیی ناوچەیی و بژاردەیەکی نوێ بۆ گواستنەوەی کاڵا و بارهەڵگرەکان دەڕەخسێنێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئامانج لە گەڕانەوەی ئەم هێڵە دەریاییە، بەهێزکردنی جووڵەی گواستنەوەی کاڵایە لە رێگەی بەندەرەکانی عێراقەوە و پاڵپشتیکردنی بازرگانییە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە. ئەمەش لەگەڵ ئامانجەکانی وەزارەت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گواستنەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە یەکدەگرێتەوە.

دواین گەشتی کەشتییە بارهەڵگرەکانی عێراق لە ناوچەکە بۆ ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، بۆیە دەستپێکردنەوەی ئەم چالاکییە بە وێستگەیەکی گرنگ لە مێژووی کاراکردنەوەی هێڵە نیشتمانییەکان و گواستنەوەی دەریایی عێراق دادەنرێت.

مێژووی کەرتی گواستنەوەی دەریایی لە عێراق بۆ دەیەکانی ناوەڕاستی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک وڵاتەکە خاوەنی کەشتیگەلێکی چالاک بوو لە ناوچەی کەنداو و جیهاندا؛ بەڵام بەهۆی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانی ناوچەکە لە هەشتاکان و سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی نێودەوڵەتی بەسەر عێراقدا لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، ئەم کەرتە زیانێکی گەورەی بەرکەوت و بەتەواوی لەکار کەوت.