ئەمشەو مێسی یارییەکی مێژوویی ئەنجام دەدات
چاوی لە شکاندنی چەند ریکۆردێکە
ئەمشەو لیۆنێل مێسی یارییەکی مێژوویی ئەنجام دەدات و چاوی لە شکاندنی چەند ریکۆردێکە.
ئەمشەو لە جامی سوپەری ئیسپانیا، بارسێلۆنا و سێڤییا لە مەغریب کاتژمێر 11:00 بەیەک دەگەن، بۆیەکەمجار لیۆنێل مێسی وەکو کاپتنی یەکەم یانەکەی سەرکردایەتی بارسێلۆنا دەکات، کە دوای رۆیشتنی ئاندرێس ئینیێستا بارسێلۆنا بەفەرمی بڕیاری دا مێسی ببێتە کاپتنی یەکەمی بلاوگرانا، سێرخیۆ بۆسکێتس و جیرارد پیکێ و سێرجی رۆبێرتۆش دەبنە کاپتنی دووەم و سێیەم و چوارەمی یانەکەیان بۆ یارییەکانی وەرزی نوێ.
مێسی ئەمشەو بۆ بەدەستهێنانی جامی سوپەری ئیسپانی یاریی دەکات، ئەگەر نازناوەکە بەدەست بهێنێت دەبێتە یەکەم یاریزان لەگەڵ بارسێلۆنا زۆرترین نازناو بەدەست بهێنێت، مێسی و ئینیێستا تاکو ئێستا 32 نازناویان لەگەڵ بارسا بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەمشەو مێسی نازناوەکە بەدەست بهێنێت دەبێتە یەکەم یاریزانی یانە کەتەلۆنییەکە 33 نازناو بەدەست بهێنێت.
مێسی لە کۆی 17 یاری تاکو ئێستا 13 گۆڵی لە جامی سوپەری ئیسپانیا تۆمارکردووە و گۆڵکاری مێژوویی سوپەری ئیسپانیایە، رائول دووەم زۆرترین گۆڵی لە مێژووی سوپەری ئیسپانیا کردووە، لە کۆی 12 یاری 7 گۆڵی تۆمارکردووە.
مێسی پێشتر لە 33 یاری 31 گۆڵی بەرامبەر سێڤییا تۆمارکردووە، لە کاروانی وەرزشی خۆیدا سێڤییا زۆرترین گۆڵی لەلایەن مێسییەوە لێکراوە.