کوردستان24 باشترین پێکهاتەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستنیشان دەکات
کوردستان24 هەفتانە باشترین پێکهاتەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستنیشان دەکات، وەلی کەریم راهێنەری نەورۆز هاوشانی موئمین سلێمانی راهێنەری گەرمە گەورەترین ئەنجامییان لەم گەڕە تۆمار کرد و هەردوو راهێنەر بە ئەنجامی 3 گۆڵی خاوێن سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی دێسکی وەرزشی کوردستان24 وەلی کەریم بۆ راهێنەرایەتی ئەم گەڕەی خولەکە شایستەترە.
ـ فەهد نیعمە گۆڵپارێزی گەرمە، بۆ باشترین گۆڵپاریزی ئەم گەڕە رکابەرییەکەی لە حوسێن حەسەنی گۆڵپارێزی هەولێر و عەلی کازمی گۆڵپارێزی نەورۆز بردەوە و شوێنی خۆی لە پێکهاتەی ئەم گەڕە جێگیر کرد.
ـ لە هێڵی بەرگری، محەمەد دلاوەر کاپتنی یانەی نەورۆز بەشداریی لە دوو گۆڵی یانەکەی کرد هاوشانی شوبر محەمەد کە گۆڵی یەکەمی هەولێری لە دژی دیالا کرد ناویان لە پێکهاتەی ئەم گەڕە مسوگەر کرد.
لە لایەکی دیکەشەوە حوسێن عەمار بەگریکاری تەڵەبە گۆڵێک و ئەسیستێکی لە دژی کەرخ کرد و ناوی خۆی لە پێکهاتەی ئەم گەڕە تۆمار کرد.
ـ لە هێڵی ناوەڕاست، وەکو هەمیشە ئاکۆ عوزێر بە نماییش و بڕین و جووڵانەوە سەرنجراکێشەکانی دەیسلمێنێت شایستەی ئەوەیە لەم گەڕەش ناوی لە پێکهاتەکەدا بێت.
عەبدوڵلا باسم، یاریزانی یانەی شورتە لە سەرەتای نیوەی دووەم هاتە نێو یاریگە و بەربەستی یەکسانبوونی شکاند و گۆڵی سەرکەوتنی بۆ یانەکەی لە دژی غەراف تۆمار کرد.
ـ لە هێڵی پێشەوە هەریەکە لە محەمەد جەواد هیڕشبەری جەویە و مایکۆل کابرێرا هێڕشبەری زەورا گۆڵی سەرکەوتنیان لە دژی یانەکانی کەربەلا و کارەبا تۆمار کرد و شوێنی خۆیان لە پێکهاتەی ئەم گەڕ یەکلایی کردەوە.
لە دوایین یارییەکانی ئەم گەڕە، مەڕوان حوسێن بە گۆڵێک و ئەسیستێک لەسەر پێکهاتەی ئەم گەڕە رکابەرییەکەی لە محەمەد رەزا و ئیتو ناکارای هاویانەی بردەوە.
وەگاع رەمەزان هێرشبەری یانەی گەرمە گۆڵێک و ئەسیستێکی لە دژی یانەی نەفتی پێشووی تۆمار کرد بە جیاوازی گۆڵ پێشەنگی خولەکەی لە هەولێر وەرگرت.