ئەمەریکا داوا لە بەریتانیا دەکات دەست لە پاڵپشتی تاران هەڵبگرێت

"تاران لە خەمی وڵاتەکەی نییە و خەریکی جەنگە لە ناوچەکە"

K24 – هه‌ولێر:

رۆبێرت وود جۆنسۆن، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەریتانیا، داوا لە لەندەن دەکات پاڵپشتییەکانی بۆ رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران رابگرێت و لەجیاتی ئەوە بێتە بەرەی ئەمەریکاوە بۆ "رووبەڕووبونەوەی هەڕەشەکانی تاران بۆ سەر جیهان".

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی، جۆنسۆن لە پەیامەکەی بۆ بەریتانیا دەڵێت: "کاتی ئەوە هاتووە بەسەر رێککەوتنامەکەی 2015 تێپەڕبین. ئێمە داوا لە بەریتانیا دەکەین کە دەسەڵاتە دیپلۆماسییە گرنگەکانی بەکاربێنێت و بێتە بەرەی ئێمە".

ئەو باڵیۆزەی ئەمەریکا پێی وایە تاران بەرپرسە لە جەنگی وڵاتانی ناوچەکە و گوێ بە وەبەرهێنانی وڵاتەکەی نادات، دەشڵێت: "تاکو ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی کارەکانی نەکات، ئەمەریکا لەسەر زیادکردنی فشارەکانی بەردەوام دەبێت، دەمانەوێت بەریتانیاش لەبەرەی ئێمە بێت".

هەفتەی رابردوو، واشنتن بەشی یەکەمی سزاکانی ئێرانی گەڕاندەوە و بڕیاریشە لە مانگی 11، بەشی دووەمی سزاکان بەسەر تاراندا بسەپێنێت، بەڵام تاکو ئێستا ئەوروپا نەهاتۆتە بەرەی ئەمەریکا و دەستێکی بە رێککەوتنامەکەی ئێران و دەستێکی بەدڵی ئەمەریکاوەیە.

H.J