مەحموود محەمەد: زەمینە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی خۆش دەکەین

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەوڵدان بۆ دابەشکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە دەستی ناوخۆیی لە پەیماننامەی "سایکس-پیکۆ" کارەساتبارترە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە کلیلی چارەسەری کێشەکان لە ناوخۆی هەرێمدایە نەک لە رێگەی بەغداوە، و هەوڵەکانیش بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بەردەوامن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و بیرۆکەی دووئیدارەیی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەشی دایەوە کە باس لە هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی هەرێم دەکەن و رایگەیاند:"گەلی کورد زیاتر لە سەدەیەکە و لە ساڵی 1916ەوە گلەیی لە دەسەڵاتە ئیقلیمییەکان و وڵاتانی بێگانە (وەک فەرەنسا، بەریتانیا و ڕووسیا) هەیە کە خاکی کوردستانیان پارچەکردووە، ئەمەش برینێکی قووڵی لە مێژووی نەتەوەکەماندا دروست کردووە کە بە ئاسانی ساڕێژ نابێت."

گوتەبێژی پارتی هۆشداری دا و گوتی: "بە هیچ جۆرێک لە لۆژیک و عەقڵدا قبووڵ ناکرێت لەم قۆناخەدا بە دەستی خۆمان بێین ئەم بەشەی کوردستانیش کە یەکپارچەیە بکەین بە دوو لەت یان دوو هەرێم. ئەگەر داگیرکەران بێگانە بووبن و ئەو ستەمەیان بەرامبەر بە گەلی ئێمە کردبێت، ئەوا ئەگەر لایەنە ناوخۆییەکان بە دەستی خۆیان پەنا بۆ پارچەکردنی بەرن، کارێکی زۆر لەوەش خراپتر ئەنجام دەدەن و باسکردنیشی بۆ خەڵکی کوردستان ناخۆشە، چونکە هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە بە دابەشکردنی هەرێم کێشەی زۆر گەورەتر دروست نەبێت."

سەبارەت بە چارەنووسی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی و نزیکبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، دوای پەیام و بانگەوازەکەی جەنابی سەرۆک، پارتی هەموو ئەو رێکارە پێویستانەی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی چۆن ئەم پەیامە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو هەوڵانەش بەردەوام دەبن.

لە بارەی ئەگەری دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتەبێژی پارتی گوتی: "هیچ بەربەستێک لە ئارادا نییە و پێشتریش کێشەی زۆر قووڵ لەنێوان هەردوولادا هەبووە و چارەسەر کراون، چونکە گرنگیی هێزە سیاسییەکان لەوەدایە کە لە کاتی دروستبوونی گرفتدا، رێگەچارە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی رەتکردنەوەی سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی خولی پەرلەمانی کوردستان، مەحموود محەمەد جەختی کردەوە کە بردنە دەرەوەی کێشە ناوخۆییەکان بۆ بەغدا لە رێگەی سکاڵاوە رێگەیەکی دروست نییە، بەڵکوو پێویستە لایەنەکان لە ناوخۆدا گفتوگۆ بکەن و ئەگەر هەر ناتێگەیشتنێکیش هەبێت، بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش چارەسەری بکەن.

گوتەبێژی پارتی داوای لە سەرجەم ئەو حزبانە کرد کە خاوەنی کورسیی پەرلەمانین هەست بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی ئەم قۆناغە بکەن و گوتی: "دەنگدەران بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی وڵاتیان خستووەتە ئەستۆی ئەوان تاوەکو پەرلەمان یاسا دەربکات و چاودێری بکات، هاوکات لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکان، بۆیە ئەرکی هەمووانە بە یەکەوە وڵات بەڕێوە ببەن."

لە کۆتاییدا، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان روونی کردەوە کە تەواوی هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە زەمینەیەک بڕەخسێنن تاوەکو تەبایی و لێکتێگەیشتنی زیاتر دروست ببێت و بە یەکڕیزییەوە ئەم قۆناغە سەختە و ئاستەنگەکان تێپەڕێنن؛ هاوکات بڕیاردان لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتیش دەمێنێتەوە بۆ ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە ئایندەدا.