عێراق بۆ بونیادنانەوە پێویستی بە 80 ملیار دۆلارە
"مەحاڵە حکوومەت بتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابینبکات"
حکوومەتی عێراق ئاشکرای دەکات، پێویستی بە 80 ملیار دۆلارە تاکو دووبارە ئەو شارانەی بەهۆی جەنگی داعش وێرانبوون، ئاوەدان بکاتەوە.
سەعد حەدیسی، وتەبێژی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی خەبەرلیەومی میسری، رایگەیاند: "ئەگەرچی چەند دامەزراوەیەکی حکوومی یارمەتی دووبارە بونیادنانەوەی ئەو ناوچانە دەکەن، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری، مەحاڵە حکوومەتی عێراق بتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابین بکات."
پێشتر وڵاتی کوەیت بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی، کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی ئەنجامدا و ئامانج لێی کۆکردنەوەی 100 ملیار دۆلار بوو بۆ عێراق، بەڵام تەنها 30 ملیار دۆلار بۆ عێراق کۆکرایەوە.
جیا لە وێرانی شارەکان، نزیکەی 5 ملیۆن هاووڵاتی عێراق بەهۆی جەنگەوە ئاوارەبوون و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژێرخانی ئابووری عێراق دروستکردووە.
H.J