لەوانەیە ئەمڕۆ پاریس سانجێرمان ناچار بکرێت مباپێ یان نێیمار بفرۆشێت
ریال مەدرید چاوەڕێی سزادانی پاریس سانجێرمان دەکات
ئەمڕۆ چارەنووسی چوونی نێیمار داسێلڤا یان کیلیان مباپێ بۆ ریال مەدرید یەکلا دەبێتەوە و ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا یانەی پاریس سانجێرمان سزا بدات، ریال مەدرید هیوای بۆ کڕینی یەکێک لەو دوو ئەستێرەیەی یانە فڕەنسییەکە زیندوو دەبێتەوە.
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ هەینی لێژنەی یاریی دارایی خاوێن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاری کۆتایی لەبارەی یانەی پاریس سانجێرمان بدات، کە بە لادان لە یاساکانی یوێفا تۆمەتبارە و ئەگەر هەیە بەهۆی کەلەکەبوونی قەرزەکانی سزای پی ئێس جی بدات و دوایین ئاگادارکردنەوەی پێبدات.
ئەگەر پاریس سانجێرمان لەلایەن یوێفاوە سزا بدرێت، ئەوا دەبێت یانەکە قەرزەکانی بە بڕی 250 ملیۆن یۆرۆ کەم بکاتەوە، چونکە ئەگەر یانەکە بە سزایەکەی یوێفا پابەند نەبێت لە چامپیۆنزلیگ دوور دەخرێتەوە.
تاکو کۆتایی ئەم مانگە لێژنەی دارایی خاوێن کاتی لەبەردەمە بۆ بڕیاردان، بەڵام پێدەچێت ئەمڕۆ بڕیاری خۆی بدات، کە تەنیا دوو رۆژ ماوە بۆ ئەوەی ماوەی خواستنەکەی مباپێ لە مۆناکۆوە بۆ پاریس سانجێرمان کۆتایی بێت، بەمەش لەوانەیە پی ئێس جی نەتوانێت بە یەکجاریی مباپێ بباتە ریزەکانی، چونکە پێویستە 180 ملیۆن یۆرۆ لە بەرامبەر کڕینی مباپێ بداتە مۆناکۆ.
رۆژنامەی مارکا رایگەیاندووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز چاوەڕێی یەکلابوونەوەی ئەم دۆخەی پاریس سانجێرمان دەکات، بەڵام نایەوێت بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ یانە فڕەنسییەکە تێکبدات، لەکاتێکدا تاکو ئێستا ریال مەدرید هیچ یاریزانێکی بۆ شوێنگرتنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ نەکڕیوە و هاندەرانی یانەکە داوای کڕینی ئەستێرەیەک لە یانەکەیان دەکەن، کە تەنیا حەوت رۆژ ماوە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا دابخرێت و ریال مەدرید تاکو رۆژی هەینی داهاتووی لە بەردەمە.