ئەلێگری: بە هاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کێشەمان بۆ دروستبووە

ئەلێگری: کریستیانۆ و دیبالا لێدانە راستەوخۆیەکان جێبەجێ دەکەن

سبەی یۆڤێنتۆس لە دووەم یاریی ئەم وەرزەی سێریا ئەیدا کاتژمێر حەوتی ئێوارە میوانداریی لازیۆ دەکات و پێش ئەم یارییە ماسیمیلیانۆ ئەلێگری راهێنەری یۆڤێنتۆس رایگەیاند 'بە هاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و ستایشی لازیۆشی کرد.

ئەلێگری ئەمڕۆ هەینی لە پرێس کۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، بەهۆی هاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یۆڤێنتۆس ئێمە تووشی کێشەیەکی گەورە بووینەتەوە، چونکە نزیکەی شەش بۆ حەوت یاریزانمان هەیە توانای جێبەجێکردنی لێدانی راستەوخۆیان هەیە و هەموویان لە دەوری تۆپ کۆدەبنەوە، بەڵام ئێمە بۆ ئەم وەرزە پاولۆ دیبالا و کریستیانۆ رۆناڵدۆمان راسپاردووە بۆ ئەوەی لێدانە راستەوخۆیەکان جێبەجێ بکەن'.
ئەلێگری لەبارەی یارییەکەی سبەی یانەکەی بەرامبەر لازیۆ رایگەیاند 'کریستیانۆ بۆ یارییەکەی لازیۆ تەواو ئامادەیە، بەڵام دەبێت لەبیرمان بێت هێرشبەرەکانمان لە ماوەی خۆئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ ماوەیەکی کەم لەگەڵمان بوون، بۆیە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین'. هەروەها گوتیشی 'گۆڵەکەی کریستیانۆم لەبیرە وەرزی رابردوو لە یاریگەی ئالیانز دژی ئێمە تۆماریکرد و لەلایەن هاندەرانی یۆڤێنتۆسەوە چەپڵەڕێزان کرا، کە پێموایە ئەو رێز و خۆشەویستییەی هاندەران هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کریستیانۆ پەیوەندی بە یۆڤییەوە بکات'.
راهێنەرەکەی یۆڤی لەبارەی یارییەکەیان کە وابڕیارە کاتژمێر 19:00 میوانداریی لازیۆ بکەن، گوتی 'لازیۆ تیپێکی پتەو و بەهێزە، ئەوان ساڵی رابردوو لەناو یاریگەی خۆمان لە ئێمەیان بردەوە و کۆتاییان بە ریکۆردەکەمان هێنا، کە ٤١ یاریی لەسەر یەک بوو نەدۆڕابووین، ئەوان لە رووی توانای جەستەییەوە تەواو ئامادەن و لە هێرشی پێچەوانە مەترسیدارن، پێموایە ٨٨ بۆ ٩٠ خاڵ بەسە بۆ ئەوەی هەر یانەیەک نازناوی چامپیۆنزلیگ یەکلا بکاتەوە'.