زانستیانەترین رێگای دابەزاندنی چەوری ورگ بزانە
"خواردنەوەی گیراوە و خۆراکێکی دیاریکراو هیچ کاریگەرییەکیان نییە"

K24 – ههولێر:
پسپۆرانی بواری خۆراك رەتیدەکەنەوە هیچ جۆرە گیروایەك هەبێت راستەوخۆ کار لەسەر کەمکردنەوەی چەوری ورگ بکات و بە بیرۆکەیەکی پووچی دەزانن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیندپێندتی بەریتانی، پسپۆران پێیان وایە تەنها یەک رێگا هەیە کە کار لەسەر کەمکردنەوەی چەوری ورگبکات ئەوەیش کەمکردنەوەی خواردنی هەندێك جۆری خۆراك و وەرزشکردنە.
دکتۆر کاری پیلۆلا، پرۆفیسۆر لە زانکۆی پۆلۆتەکنیکی کالیفۆرنیا، لەوبارەیەوە دەڵێت :"هیچ خواردن و گیراوەیەکی جادوویی نییە کە راستەوخۆ کار لەسەر چەوری ورگ بکات".
دکتۆر کاری دەشڵێت: "تەنها رێگا بۆ کەمکردنەوەی چەوری ورگ خواردنی ئەو خۆراکانەیە کە دەوڵەمەندن بە فایبەر و رێژەیەکی کەم لە چەورییان تێدایە".
چەوری ورگ و قەڵەوی دەبنە هۆی نەخۆشی گوێزەرەوەکانی دڵ، شەکرە و چەند نەخۆشییەکی خانەیی.
ئەو پسپۆرە رەتیدەکاتەوە بەکارهێنانی گیراوە و خۆراکی جیاواز کاریگەری لەسەر چەوری ورگ هەبێت و پێیوایە هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە بیسەلمێنێت خواردن یان خواردنەوەی شتێکی دیاریکراو کاریگەری راستەوخۆی هەبێت.
رێنموونی خەڵکانی قەڵەو دەکرێت وەرزشی بەردەوام بکەن و لەگەڵ وەرزشەکەش ئەو خۆراکانە بخۆن کە سوودیان بۆ دڵ هەیە وەکو ماسی، سەوزە، میوە و خۆراکە دەنکدارەکان.
H.J