کچە یاریزانێکی کورد بەشداریی ئۆڵمپیکی ئاسیا دەکات
لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان لە پێشبڕکێی 100 مەتر بەربەست یاریی دەکات
بۆیەکەمجار یاریزانێکی کورد بەشداریی ئۆڵمپیکی ئاسیا دەکات و لە ئۆڵمپیکی ئاسیای 2018 کە لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە لە جاکارتا دەستیپێکردووە و تاکو رۆژی 2ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لە کۆی زیاتر لە 200 کەسی وەفدی عێراق کچەیاریزانێکی کورد نوێنەرایەتی کوردستان دەکات.
دڵسۆز عوبێدی 28 ساڵان کە لەوەتەی ساڵی 2011وە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانە و لە راکردنی 100 مەتر بەربەست و 400 مەتر بەربەست بەشداریی دەکات و زیاتر لە نۆ ساڵە لە ریزی یانەی سیروانی نوێ یاریی دەکات.
دڵسۆز کە لە ساڵی 1990 لە شارۆچکەی پیرەمەگروون لەدایکبووە، دوای ئەوەی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و عەرەب مێدالیای جۆراوجۆری بەدەستهێنا ئەمجارەیان دەیەوێت لەسەر ئاستی ئاسیا بە نوێنەرایەتی کورد مێدالیا لەمل بکات.
کچە سلێمانییەکە لەسەر ئاستی عێراق 21 مێدالیای جۆراوجۆری بەدەستهێناوە و تاکە یاریزانە لە ساڵێکدا سێ ریکۆردی شکاند بێت، کە ساڵی رابردوو ریکۆردێکی 30 ساڵەی لە مێژووی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە پێشبڕکێی 100 مەتری شکاند و بەناوی خۆیەوە کرد.
دڵسۆز لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکانی عەرەب و رۆژئاوای ئاسیا خاوەنی پێنج مێدالیایە، سێ جار مێدالیای زیوی لەملکردووە، دوو جاریش مێدالیای بڕۆنزی لەمل کردووە، گەرچی دوای ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان لە ئارزبایجان بەهۆی کۆچی دوایی باوکی سیروانی حامیدی راهێنەری بە تەنیا بەبێ راهێنەرەکەی بەشداریی لە ئۆڵمپیکی ئاسیا دەکات، بەڵام ئێستا دڵسۆز وەکو تاکە یاریزانی کورد لە ئیندۆنیسیایە و لە جاکارتا دەیەوێت ئەمجارە لەسەر ئاستی ئاسیا مێدالیا بەدەست بهێنێت و وەکو یەکەم یاریزانی کورد ببێتە خاوەنی مێدالیایەکی کیشوەری.