گرنگترین داواکاری پارتی و یەکێتی بۆ حكوومهتی نوێی عێراق ئاشكرا دهبێت
"ھەر لایهنێك داواکانمان جێبەجێبکات پاڵپشتی دهكهین"
K24 - كهركووك:
پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بابەتێکی گەرمە و دوو بەرە بەرامبەر یەکیان گرتووە و لەھەوڵی بهدهستهێنانی زۆرینەی کورسیيەکانی پەرلەمانن، کورديش ھێشتا بەسەر ھیچ بەرەیەکدا خۆی ساخ نەکردووهتەوە.
بەرپرسێکی یەکێتی دەڵێت، داواکارییەکانی کورد لە سەر كاغەز و بە نووسراو خراوەتە پێش لایەنەکان و ڤیتۆمان لەسەر کەس نیيە، ھەر کەسێک داواکانمان جێبەجێبکات، ئێمە دەچینە پاڵیان.
کوردستان24 زانیویەتی لە گرنگترین داواکارییەکانی یەکێتی و پارتی بۆ بەشداری لە حکوومەت، ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك و گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ئەو شارە.
بەلای تورکمانەوە چارەسەرەکان لای بەغدا نین، بەڵکو لای ئەوانن، بۆیە بەرەی تورکمانی بانگەوازێکی داوە بەگوێي لایەنە کورديیەکاندا و داوا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووك، لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن.
ئێستا بۆچوونێك دروستبووە لەنێو ھێزە سیاسیيەکان، تەنانەت لای عێراقيیەکانيش کە تەنھا چارەسەر بۆ کەرکووك و ناوچەدابڕاوەکان، جێبەجێکردنی ماددەی 140ى دەستووری عێراقە، لە ڕێگای سەرژمێرییەوە کە یەکێك لە بڕگەکانی ئەو ماددەیەيه، دەتوانرێت ئایيندەی شارەکە یەکلای بکرێتەوە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق.