چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پڕکردنەوەی 9 وەزارەتەکەی کابینەکەی زەیدی کۆدەبێتەوە

ئەمشەو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدەن، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدانی نۆ وەزارەتە بەتاڵەکەی حکوومەت و تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، هاوکات دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا تەوەرێکی سەرەکیی دانیشتنەکە دەبێت.

سەرچاوەکانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24یان راگەیاند؛ بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی بە ئامادەبوونی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، و فالح ساری، وەزیری دارایی، ساز بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئەگەری گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناوی کاندیدانی وەزارەتەکان، هەر لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق دانیشتنی تایبەت بۆ دەنگدان و تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدات.لە کۆی 23 وەزارەتی کابینەکەی عەلی زەیدی، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا پەرلەمان تەنیا متمانەی بە 14 وەزیر بەخشی و 9 وەزارەتی دیکە بەهۆی ململانێ و ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان تاوەکو ئێستا بە بەتاڵی و بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمشەو تایبەت دەبێت بە میوانداریکردنی وەزیری دارایی بۆ خستنەڕووی دوایین هەموارەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 و ئەو دۆسیە دارایی و ئابوورییانەی کە رەهەندی سیاسییان هەیە، پێش ئەوەی پڕۆژەکە بە فەرمی لەم مانگەدا رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

هاوکات سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی هەستیاری چەککردنی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەخرێتە بەرباس، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدایە بۆ رێگریکردن لە بوونی هەر چەکدار و میلیشیایەکی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییە سەربازییەکانی وڵات.