سه‌رۆك بارزانی: مه‌ككه‌ین له‌ بیره‌وه‌ریماندا ده‌مێنێته‌وه‌

سه‌رۆك بارزانی به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی دۆسته‌كه‌ی كورد پرسه‌نامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی جۆن مه‌ككه‌ین، گه‌وره‌ سیناتۆری ئه‌مه‌ریكا و دۆستی گه‌لی كورد، په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی له‌ تویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی له‌ تویته‌كه‌یدا، ده‌ڵێت: "به‌ خه‌مبارییه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی سیناتۆر جۆن مه‌ككه‌ینمان پێگه‌یشت، له‌ به‌رامبه‌ر پشتیوانی و دۆستایه‌تییه‌كه‌ی بۆ گه‌لی كورد، له‌ بیره‌وه‌ری ئێمه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌".

مه‌ككه‌ين و كورد

جۆن مه‌ككه‌ين يه‌كێك بووه‌ له‌ پشتيوانه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى دۆزى كورد له‌ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا و به‌رده‌وام له‌ رێى په‌يام و لێدوان و سه‌ردانه‌كانييه‌وه‌ پشتيوانى بۆ پرسى كورد له‌ عێراق و سووريا ده‌ربڕيوه‌.

مه‌ككه‌ين چه‌ندين جار سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى و به‌رپرسانى ديكه‌ى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌.

له‌ سه‌روبه‌ندى خيانه‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا و له‌ كۆنگرێسه‌وه، مه‌ككه‌ین‌ ده‌نگى پشتيوانى بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبڕى و هۆشدارى دايه‌ حكوومه‌تى عێراق و حه‌يده‌ر عه‌بادى له‌ به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌مه‌ريكى له‌ دژى كورد.

مه‌ككه‌ين بۆ رۆژئاواى كوردستانيش، يه‌كێك بووه‌ له‌ پشتيوانانى هێزه‌ كوردييه‌كان و داوای ده‌كرد، ئه‌مه‌ريكا كورد له‌ عێراق و سووريا پڕ چه‌ك بكات بۆ ئه‌وه‌ى كورد بتوانێت به‌ره‌نگارى داعش ببێته‌وه‌.

هه‌ڵوێسته‌كانى له‌ باره‌ى كورده‌وه‌:

له‌ 10ى ئايار/ مايۆى 2011

جۆن مه‌ككه‌ين، كه‌ پاڵێوراوى پارێزگاره‌كان بوو، سه‌ردانى شارى هه‌ولێرى كرد و دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانى، داوايكرد، په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق و ئه‌وه‌شى گووت: بارزانى رۆڵێكى سه‌ره‌كى هه‌يه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و لێكتێگه‌يشتنانه‌ى له‌ عێراقدا دێنه‌ ئاراوه‌.

له‌ 10ى ئاب/ ئۆگستۆسى 2014

جۆن مه‌ككه‌ين ره‌خنه‌ى له‌ سياسه‌تى ئۆباما گرت سه‌باره‌ت به‌ داعش و رايگه‌ياند، بۆردومانى ئه‌مه‌ريكا بۆ سه‌ر داعش كاريگه‌رييه‌كى ئه‌وتۆى نييه‌ و پێويسته‌ كورد له‌ عێراق و سووريا پڕ چه‌ك بكرێن.

مه‌ككه‌ين قسه‌ى بۆ كه‌ناڵى سى ئێن ئێنى ئه‌مه‌ريكا كرد و گوتى: پێويسته‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى سه‌ربازى به‌ په‌له‌ ره‌وانه‌ى هه‌ولێر بكه‌ين و پشتگيرى هێزى پێشمه‌رگه‌ بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌ره‌نگارى داعش ببێته‌وه‌.

له‌ 27ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسێمبه‌رى 2014

له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵى ئه‌لحوڕه‌ى ئه‌مه‌ريكى مه‌ككه‌ين رايگه‌ياند، پێويسته‌ هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ماهه‌نگيان زياتر بكه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش.

له‌ 28ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسێمبه‌رى 2014

مه‌ككه‌ين رايگه‌ياند، هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ سوپاى عێراق به‌ تواناتره‌ و سوپاى عێراق له‌ ئاستى پێويستدا نييه‌.

 

جۆن مەككه‌ین- سەرۆك بارزانی

مه‌ككه‌ين يه‌كێك بوو له‌ پشتيوانانى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌روبه‌ندى رووداوه‌كانى خيانه‌تى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ردا و داواى راگرتنى په‌لاماره‌كانى عێراق و پاراستنى هه‌رێمى كوردستانى ده‌كرد.

له‌ 29ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2016

مه‌ككه‌ين ره‌خنه‌ى توندى له‌ بۆردومانى فڕۆكه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و رۆژئاواى كوردستان گرت و رايگه‌ياند، كورد له‌ شه‌ڕى دژ به‌ داعش هاوپه‌يمانێكى به‌هێزى ئه‌مه‌ريكان و ئه‌و بۆردومانانه‌ سه‌قامگيرى ناوچه‌كه‌ ده‌شێوێنن.

له‌ 15ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017

مه‌ككه‌ين داوايكرد، ئه‌مه‌ريكا راسته‌وخۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان پڕ چه‌ك بكات به‌ بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا و ره‌زامه‌ندى له‌ به‌غدا وه‌ربگرێت.

له‌ 23ى شوبات/ فێبرايه‌رى 2017

مه‌ككه‌ين سه‌ردانى رۆژئاواى كوردستانى كرد و پشتيوانى بۆ تێكۆشانى هێزه‌ كوردييه‌كان دژ به‌ داعش دووپاتكرده‌وه‌.

له‌ 16ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2017

هاوكات له‌گه‌ڵ له‌شكركێشى سوپا و حه‌شدى شه‌عبى به‌ره‌و ناوچه‌ كوردستانييه‌كان و كه‌ركووك، جۆن مه‌ككه‌ين هۆشدارى دايه‌ عه‌بادى و حكوومه‌تى عێراق و رايگه‌ياند، به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌مه‌ريكايى له‌ دژى كورد ئه‌نجامى كاره‌ساتبارى ده‌بێت بۆتان و باشتره‌ له‌و په‌يامه‌مان به‌ باشى تێبگه‌ن.

له‌ 27ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2017

دواى رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر و داگيركرانى به‌شێكى خاكى كوردستان له‌ لايه‌ن سوپا و حه‌شده‌وه‌، مه‌ككه‌ين داواى له‌ ئيداره‌ى تره‌مپ كرد ستراتيژێكى نوێ دابڕێژێت و پشتيوانى به‌هێز له‌ كورد بكات و رێگرى له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌ژموونى ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ تايبه‌تى له‌ عێراق و سووريا بكات. راشيگه‌ياند، ئه‌و چه‌كه‌ى ئه‌مه‌ريكا داويه‌تى به‌ عێراق بۆ شه‌ڕكردنه‌ دژى داعش نه‌ك به‌كارهێنانى له‌ دژى كورد.

نەخۆشكەوتنی مەككه‌ین

له‌ 31ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2017

مه‌ككه‌ين رايگه‌ياند، بارزانى پياوى ده‌وڵه‌ته‌ و كورد دۆستى راسته‌قينه‌ى واشنتنن.

مه‌ككه‌ين ستايشى رۆڵ و رێڕه‌وى ژيانى سياسى سه‌رۆك بارزانى كرد و رايگه‌ياند، بڕياره‌كه‌ى بارزانى بۆ درێژنه‌كردنه‌وه‌ى ويلايه‌تى سه‌رۆكايه‌تييه‌كه‌ى، بڕيارێكى ئازايانه‌يه‌ و بڕيارى پياوێكه‌ كه‌ رێڕه‌وى ژيانى پڕ له‌ تێكۆشانه‌ له‌ پێناو مافى نه‌ته‌وه‌كه‌ى.

گوتيشى: بارزانى كه‌سايه‌تييه‌كى بوێرى ده‌وڵه‌ته‌ و ته‌مه‌نى له‌ پێناو ئامانجى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ته‌رخانكردووه‌.

هيواشى خواست، هه‌رێمى كوردستان له‌ دوژمنكارىی ده‌رودراوسێكانى پارێزراو بێت.

له‌ 8ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌رى 2017

له‌ وته‌يه‌كدا كه‌ له‌به‌رده‌م كۆنگرێس پێشكه‌شيكرد، مه‌ككه‌ين پشتيوانى له‌ كورد و هه‌رێمى كوردستان كرد و رايگه‌ياند، ئێران له‌ رێى فه‌يله‌قى قودسى سه‌ر به‌ قاسم سوله‌يمانييه‌وه‌ ده‌يه‌وێت ناكۆكى له‌ نێوان كورد و به‌غدا درووست بكات و هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق بكاته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ به‌هێزكردنى هه‌ژموونى خۆى.

مه‌ككه‌ين سه‌باره‌ت به‌ بێده‌نگى ئيداره‌ى تره‌مپ له‌ ئاست رووداوه‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌ر ره‌خنه‌ى له‌و ئيداره‌يه‌ گرت و گوتى: ناڕوونى سياسه‌تى تره‌مپ له‌ عێراق و سووريا رێى خۆشكردووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاييه‌كه‌ له‌ لايه‌ن ميليشيا ئێرانييه‌كانه‌وه‌.

مه‌ككين له‌ 1936 له‌دايكبووه‌ و دوای نزیكەی ساڵێك تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە لە 26/8/2018 كۆچی دواییكرد.