لایەنە ناڕازییەكان ھاوپەیمانێتیان راگەیاند

جەخت لەسەر داڕشتنی کارنامەیەکی هاوبەش دەكەنەوە

K24 - سلێمانی

ھەر چوار لایەنی ناڕازی لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە پێكھاتوون لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و ھاوپەیمانی و كۆمەڵی ئیسلامی ھاوپەیمانێتیان بۆ پەرلەمانی عێراق راگەیاند.

دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی راسپێردراوی ھەرچوار لایەنەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھاوپەیمانێتیان بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق راگەیاند و لە راگەیەندراوێكدا جەختیان لەسەر داڕشتنی کارنامەیەکی هاوبەش بۆ هاوپەیمانێتییەکە کردەوە.

ئاماژەیان بەوەشدا، پێویستە پێداچوونەوە بە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بکرێت.

دوای راگەیەندنی ئەنجامی دەستژمێری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە ناڕازییەكانی ھەرێمی كوردستان، چەندین كۆبوونەوەیان بۆ پێكھێنانی ھاوپەیمانێتی ئەنجامدا.

رۆژی 12/5/2018، ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیەندرا، ژمارەیەك لایەنی ھەرێمی كوردستان ناڕازیبوونی خۆیان لە پرۆسەی ھەڵبژاردن راگەیاند و تانەیان لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن دا، لەسەر تانەی لایەنە ناڕازییەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق، دەنگی ئەو سندووقانە بە دەست ژمێردرانەوە كە تانەیان لێدرا، بەڵام ژماردنەوەی دەنگەكان گۆڕانكاری لە ژمارەی كورسییەكان نەكرد.

ھ.م