پارتی و یەكێتی دوا بڕیار دەدەن
كۆبوونەوەی ھاوبەش یەكلاكەروە دەبێت
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە جیا كۆببنەوە و دواتر كۆبوونەوەیەكی ھاوبەش ئەنجامبدەن و بڕیار لەبارەی چوونیان بۆ بەغدا و چۆنیەتی بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق بدەن.
ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بە جیا كۆدەبنەوە، دواتر لە كۆبوونەوەیەكی ھاوبەشدا دوا بڕیار لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەدەن".
سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە پەیامنێری كوردستان24 راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ھاوبەشی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی، گفتوگۆكانی چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی عێراق تاوتوێ دەكرێت، بڕیاری كۆتایش بۆ چوونە بەغدا و چۆنیەتی بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەدرێت".
لە چوارچێوەی گفتوگۆكان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق، دوێنێ شاندێكی چوار لایەنی سیاسیی عێراق كە پێكھاتوون لە سائیرون، نەسر، وەتەنییە و حیكمە سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە.
لەلایەكی دیكەوە فوئاد مهعسووم، سهرۆككۆماری عیراق داوا له پهرلهمانتارانی خولی چوارهمی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق دهكات، رۆژی دووشهممه 3/9/2018 كۆببنهوه.
ھ.م