'' بە گیانی دایکم درێسەکەی مێسی وەردەگرم ''

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 7ـی ئۆکتۆبەری 2026 رۆژێکی مێژوویی دەبێت لە پەرتووکی تۆپی پێ، بڕیارە لەو رۆژە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان کە لیۆنێل مێسیە واز لە یاری نێودەوڵەتی بهێنێت، لە ئێستاوەش زۆربەی هاندەران چاوەڕێ یارییەکە دەکەن.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بڕیاروایە لە یاری ماڵئاوایی مێسی رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەنینین ببێتەوە، رەنگە زۆرێک لە هاندەران پێیان سەیر بێت بۆچی لەناو ئەو هەموو هەڵبژاردە بەناوبانگە و گەورەیە یاری ماڵئاوایی مێسی بەرامبەر بەنین دەبێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە لە سەرەتای هەموو ساڵێک فیفا داوا لە فێدراسیۆنی وڵاتەکان دەکات خشتەی یارییەکانیان ئامادەبکەن، ئەو کاتەش تانگۆ بۆ ئەم رێککەوتە هەڵبژاردەی بەنینی دیاریکردووە، بێ ئاگا لەوەی مێسی لەمساڵ بڕیاری وازهێنان لە یاری نێودەوڵەتی بدات.

دەگەڕێینەوە سەر بارودۆخ و کەش و هەوای یارییەکە، کەش و هەوا لەناو شاندی هەڵبژاردەی بەنین زۆر سەرنجڕاکێشە و هەموو یاریزانەکانی ئەو هەڵبژاردەیە بیر لەوە دەکەنەوە درێسی مێسی بەدەست بهێنن. محەمەد تیجانی یەکێک لە یاریزانەکانی ئەو هەڵبژاردەیە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی Ole ئەرجەنتینی لەبارەی یارییەکە دەڵێت '' یاری کردن بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بە تایبەت لە یاری ماڵئاوایی کردنی مێسی خەونی هەموو هەڵبژاردەکانی جیهانە، زۆر دڵخۆشین کە ئەو شەرەفە گەورەیە بەر ئێمە کەوتووە ''.

ئەو یاریزانەی هەڵبژاردەی بەنین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لە درێسەکەی مێسی دەکات و دەڵێت '' هەمووو یاریزانەکان ئارەزووی بەدەستهێنانی درێسی مێسی دەکەن، بێگومان منیش یەکێکم لەو کەسانە و بڕیارمداوە لەو یارییە بڕۆمە لای مێسی و داوای درێسەکە بکەم، بە گیانی دایکم هەر چۆنێک بێت دەبێت ئەو درێسە بەدەست بهێنم ''