ناتۆ هێز ده‌نێرێته عێراق و هۆشداریش له هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كان ده‌دات
"هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر كۆتاییان نه‌هاتووه"
K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یه‌كی كه‌نه‌دی له هێزه‌كانی ناتۆ له عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، 500 سه‌ربازی سه‌ر به هاوپه‌یمانێتییه‌كه بڵاوه‌یان پێ ده‌كرێت، هاوكات هۆشدارییش له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر ده‌دات له عێراق.
جه‌نه‌رال دانی فۆرتین، فه‌رمانده‌ی كه‌نه‌دی له هێزه‌كانی رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) له عێراق، راگه‌یاند، ئه‌و سه‌ربازانه له مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، ده‌گه‌نه عێراق.
فه‌رمانده‌كه‌ی ناتۆ هۆشدارییش له هه‌ڕه‌شه نهێنییه‌كانی تیرۆریستان ده‌دات، كه مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانی ناتۆ درووست كردووه.
ئه‌و جه‌نه‌راله له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "گڵۆباڵ نیوز" گوتی: "نیوه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ناتۆ كه ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كرێت كه‌نه‌دین".
گوتیشی: "یه‌كه‌م ئاسته‌نگی ئێمه ئه‌وه‌یه، له پێداویستی راسته‌قینه‌ی عێراقییه‌كان تێبگه‌ین، نه‌ك ئه‌وه‌ی خۆمان پێمان وایه پێویستییان به چییه".
دووپاتی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه، داعش چیدیكه توانای ئه‌وه‌ی نه‌ماوه، كۆنتڕۆڵی رووبه‌رێكی فراوانی زه‌وی بكات و ناتوانێت كرده‌وه‌ی تیرۆریستی گه‌وره و ئاڵۆزیش ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نایه‌ت كه هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كانی رێكخراوه‌كه كۆتاییان هاتووه.
ا. م